پارێزگاری هەولێر: یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەتان و کرێنشینان دروست دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری هەولێر دەڵێت، ژمارەیەک یەکەی نیشتەجێبوون لە سنووری پارێزگاکە دروست دەکرێن، کە کەمدەرامەت و کرێنشینانی سنوورەکە لێیان سوودمەند دەبن.
 
ئەمڕۆ شەممە 19-10-2024 بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و چەند بەرپرسێکی دیکەی حکومی، بە هاوکاریی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەردی بناخەی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی (BCF CITY) لە قەزای قوشتەپە لە سنووری پارێزگای هەولێر دانرا.
 
ئومێد خۆشناو رایگەیاند، پڕۆژەکە بە چەند قۆناخێک جێبەجێ دەکرێت، "بەڵام لە قۆناخی یەکەمدا 60 خانوو بە سەرپەرشتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دروست دەکرێن."
 
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، چارەسەرکردنی گرفتی نیشتەجێبوون یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و "لەو بارەیەوە حکومەت لە هەموو ئاستەکان کاری کردووە و پڕۆژەی گەورەتر لە رێگەدایە و ئامادەکاریی تەواو کراوە."
 
بە گوتەی ئومێد خۆشناو، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوون، لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکان و سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، "دوو شوێن لە باشترین شوێنەکانی هەولێر دیاریکراون کە بە هەزاران هاووڵاتیی کەمدەرامەت و کرێنشینی شارەکەمان لێیان سوودمەند دەبن و لە پڕۆسەیەکی درێژخایەندا ژمارەیەک یەکەی نیشتەجێبوونیان تێدا دروست دەکرێت."
 
پڕۆژەی (BCF CITY) بەگشتی لە 180 پارچە زەوی پێکهاتووە، کە بڕیارە لە چەند قۆناخێکدا بکرێنە یەکەی نیشتەجێبوون و بدرێنە کەمدەرامەتان و کرێنشینانی سنوورەکە.