پێشبینیی کەشناسیی عێراق بۆ کەشوهەوای سبەینێی هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی پێشبینیی کەشناسیی عێراق، سبەی پلەی گەرما دادەبەزێت، بەڵام ئاسمان ساماڵ دەبێت.
بڕیارە سبەی یەکشەممە 20-10-2024 دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.
عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە رووداوی گوت، "سبەی ئاسمانی هەرێمی کوردستان ساماڵ دەبێت، بەڵام شەوەکەی دەبێتە هەور. هیچ ئاماژەیەک نییە باران ببارێت."
سەبارەت بە کەشوهەوای ئەمڕۆ، عامر جابری گوتی، "ئەگەری هەورەبرووسکە، باران و هەڵکردنی با لە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان هەیە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی کەشناسیی عێراق، پلەی گەرمای ئەمڕۆی باشووری کوردستان لەنێوان 22 بۆ 29 پلە دەبێت بەم جۆرە: دهۆک 22 پلە، هەولێر 24 پلە، دهۆک 24 پلە و کەرکووک 29 پلە.
هەر لەو بارەیەوە محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ ئەگەری هەیە لە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان باران بێت وەکو سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، رانیە و باڵەکایەتی.
سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی یەکشەممە، محەممەد کەمال گوتی، "ئاسمان ساماڵ دەبێت و باران نییە، بەڵام بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرما زیاتر دادەبەزێت. بۆ نموونە، هەولێر لە 24ەوە دەبێتە 22 پلە، سلێمانی لە 22 پلەوە دەبێتە21 پلە، هەڵەبجە لە 23 پلەوە دەبێتە 22 پلە، کەرکووک لە 24 پلەوە دەبێتە 23 پلە و دهۆک لە 20 پلەوە بۆ 18 پلە دادەبەزێت."