کۆمیسیۆن: 24 کاژێر دوای پرۆسەی دەنگدان ئەنجامەکان رادەگەیێنین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، لە دەنگدانی تایبەتدا هەموو دەنگە ئەلیکترۆنییەکان و فۆرمەکانی دەنگدان بە رێژەی 100٪ هاوتای یەکتری بوون، ئاماژە بەوەش دەکات، هەموو ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی گشتی کراون.
رۆژی شەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2024، نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لەکاتی بەشداریکردن لە بوڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیای رووداو گوتی، هەموو ئامادەکارییەکان بۆ رۆژی هەڵبژاردنی گشتی کراوە.
نەبەرد عومەر ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو ئەو قوتابخانانەی کە پرۆسەی دەنگدان تێیاندا ئەنجام دەدرێت، ئامێرەکانی دەنگدانیان تێدا داندراوە.
بەرپرسەکەی کۆمیسیۆن داوای لە هاونیشتمانییان کرد بۆ ئەوەی دەنگەکانیان پووچەڵ نەکرێتەوە، هەوڵ بدەن مۆر لەو چوارگۆشەیە بدەن کە لە تەنیشت لۆگۆی حیزبەکەدا هەیە.
لەبارەی ئەو بەڵگەنامانەی دەنگدەر لەکاتی دەنگدان پێویستییەتی، نەبەر عومەر گوتی، "جگە لە کارتی بایۆمەتری، دەنگدەر دەبێت بەڵگەنامەیەکی فەرمی لەگەڵ خۆی ببات".
نەبەرد عومار ئاماژەی بەوەش کرد، هەزار و 700 چاودێری نێودەوڵەتی چاودێریی هەڵبژاردنەکە دەکەن، کە پێکدێن لە کۆنسوڵخانەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.
کاژێر 7:00ـی بەیانی دەنگدان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و تاوەکو کاژێر 6:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، 24 کاژێر دوای کۆتاییهاتنی پڕۆسەی دەنگدان، ئەنجامی هەڵبژاردنەکە رادەگەیێنن.