هێمن هەورامی: پارتی لە هەڵبژاردنی تایبەت زیاتر لە 86 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە

رووداو دیجیتاڵ

هێمن هەورامی، ئەندام لە لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند "پارتی زیاتر لە 86 هەزار دەنگی لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بەدەستهێناوە و بەجیاوازیی 36 هەزار دەنگ لەپێش یەکێتییە کە لە پلەی دووەم دێت."
 
شەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2024، هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، ئامارەکانی تایبەت بە ئەنجامە بەراییەکانی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە لای لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پارتین، بڵاوکردەوە و رایگەیاند پارتی لە هەڵبژاردنی تایبەتدا 86 هەزار و 775 دەنگی لە هەر چوار بازنەی هەڵبژاردن بەدەستهێناوە.
 
هێمن هەورامی ئەوەشی خستەڕوو "شریتی تەواوی وێستگە و بنکەکانمان لایە و، لەلایەن کۆمیسیۆنەوە دراوە بە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان." 
 
هێمن هەورامی کە هاوکات بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی پارتیشە ئەوەی ئاشکرا کرد "یەکێتی لە هەر چوار بازنەی هەڵبژاردن، 50 هەزار و 776 دەنگی بەدەستهێناوە و بەجیاوازیی 36 هەزار دەنگ، پارتی لەپێش یەکێتییەوەیە." 
 
ئەو ئەندامی مەکتەب سیاسیەی پارتی لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا ئاماژە بەوەش دەکات، پارتی له‌ رێگه‌ی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنه‌كانیانه‌وه‌ و به‌ شێوه‌ی سیستمی دیجیتاڵی،‌ 165 چاودێریان بۆ سەرجەم 165 بنكه‌ی ده‌نگدان داناوه، هاوكات 749 بریكاریان له‌ ته‌واوی وێستگه‌كان هه‌بووه‌ و به‌ شێوه‌ی دیجیتاڵی تەواوی زانیارییه‌كانی نێو شریته‌كانی ده‌نگدانیان بۆ مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردن و لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پارتەکەیان گواستووه‌ته‌وه‌.
 
لەدرێژەی قسەکانیدا، هێمن هه‌ورامی، رایگەیاند بەگوێرەی ئامارەکانی لەبەردەستی ئەواندان، 179 هەزار و 326 دەنگی دروست لە دەنگدانی تایبەتدا دراون، لەکۆی 208 هەزار و 521 دەنگ. ئەمە جگە لەوەی لە هەر چوار بازنەی هەڵبژاردن، 21 هەزار و 132 دەنگی پووچەڵ هەبوون. 
 
بەراورد بە دەنگدانی تایبەتی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2018، دەنگی پارتی 24 هەزار زیادیکردووە، کە لەو هەڵبژاردنەدا لە دەنگدانی تایبەتدا پارتی 62 هەزار دەنگی بەدەستهێنابوو.
 
لەبارەی دەنگی لایەنەکانی دیکە، بەگوێرەی ئەو ئەنجامانەی لای لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی پارتییە، هێمن هەورامی رایگەیاند، جوڵانەی نەوەی نوێ لە دەنگدانی تایبەتدا، 11 هەزار و 78 دەنگی بەدەستهێناوە. یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، سێ هەزار و 18 دەنگی بەدەستهێناوە. بەرەی گەل، دوو هەزار و 51 دەنگی هێناوە. کۆمەڵی دادگەری کوردستان، دوو هەزار و 365 دەنگی هێناوە. رەوتی هەڵوێست، دوو هەزار و 448 دەنگی هێناوە، هەرچی بزووتنەوەی گۆڕانە، 585 دەنگی هێناوە.