پارتی: هەموو ئەو ژمارە هەڵە و بێ بنەمایانە رەتدەکەینەوە کە لایەنێکی سیاسی بڵاویکردوونەتەوە

19-10-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
A+ A-
 رووداو دیجیتاڵ

لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پارتی، رایدەگەیێنێت سەرجەم داتا و زانیارییەکانی تایبەت بە ئەنجامەکانی دەنگدانی تایبەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان لەبەردەستە و "هەموو ئەو ژمارە و ئامارانەی لایەنێکی سیاسی بڵاویکردوونەتەوە، رەتدەکەینەوە."
 
ئەمڕۆ (شەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2024) لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە "لە چوارچێوەی ئەرکەکانی لیژنەی باڵای سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پارتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لە هۆبە و سەنتەری داتا و زانیارییەکانیدا بە پشتبەستن بە شریتی ئەنجامەکانی ئەلیکترۆنی و ژماردنی دەستی دەنگی وێستگەکانی هەڵبژاردن، تەواوی وردەکاری و ئەنجامەکانی دەنگدانی تایبەت کە رۆژی هەینی 18ـی ئۆکتۆبەری 2024 ئەنجامدرا، بە سیستمێکی دیجیتاڵی پێشکەوتوو کۆکردووەتەوە و بەردەستن."
 
لیژنە باڵاکەی پارتی دەڵێ "وەکو پابەندبوون بە یاسا و رێنماییەکان و، پاراستن و رێزگرتن لە پرۆسەی هەڵبژاردن، چاوەڕێی بڵاوکردنەوەی ئەنجامە بەراییەکان دەکەین لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەوە."
 
جگە لە سوپاسکردنی دەنگدەرانیان کە وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بە رێژەیەکی بەرز و یەکلاکەرەوە وەکو هەمیشە باوەڕ و متمانەی خۆیان بە پارتی بەخشییەوە". پارتی هەروەها دەڵێ، "هەموو ئەو ژمارە هەڵە و بێ بنەمایانە رەتدەکەینەوە، کە لایەنێکی سیاسی ناڕاستگۆیانە بۆ چەواشەکردن بڵاویکردووەتەوە." 
 
پارتی لە راگەندراوەکەیدا دەشڵێ "پشتئەستوورین بە ئەندام و لایەنگران و جەماوەر و خەڵکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری کوردستان، (پارتی) سەرکەوتنی گەورە بەدەستدەهێنێ و، بەدڵنیاییەوە ئەنجامەکانی کۆتایی پڕۆسەکە، بەهێزترین وەڵام دەبن بۆ چەواشەکاران." 
 
رۆژی 18ـی ئەم مانگە، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە هەرچوار بازنەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، لەکۆی 215 هەزار و 960 کەس کە مافی دەنگدانیان هەبوو، 208 هەزار و 521 کەس دەنگیانداوە، کە دەکاتە رێژەی نزیکەی 97٪ دەنگدەرانی دەنگدانی تایبەت. 
 
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی دەست رووداو کەوتوون؛ لە رێژەی 90٪ـی دەنگە جیاکراوەکانی دەنگدانی تایبەت، پارتی زیاتر لە 82 هەزار دەنگی هێناوە و یەکێتی زیاتر لە 51 هەزار دەنگی هێناوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە