کۆمیسیۆن: دەنگدان نهێنییە و کەس نازانێت دەنگت بە کێ داوە

رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، پرۆسەی دەنگدان پرۆسەیەکی نهێنی دەبێت و هیچ کەس و لایەنێک بە کۆمیسیۆن و کارمەندەکانیشییەوە، نازانن دەنگدەر دەنگی بە چ لایەن و بەربژێرێک داوە.
 
رۆژی شەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2024، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا، ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ بۆ بەڕێوەچوونی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی تشرینی یەکەم راگەیاند.
 
لە درێژەی روونکردنەوەکەدا، کۆمیسیۆن رایگەیاند "هەموو ئەو پڕوپاگەندانە رەتدەکەینەوە کە پەیوەندیدارن بە نهێنیی دەنگدان لە هەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتی. بژاردەی دەنگدەر لە مافی دەنگدان، نهێنییە و بەهیچ شێوەیەک و هیچ کەسێک بە کۆمیسیۆن و کارمەندەکانیشییەوە ناتوانن بزانن دەنگدەر دەنگی بە چ لایەنێک داوە."
 
کۆمیسیۆن داوایەکیش ئاراستەی لایەن و بەربژێرەکان دەکات، کە پابەندی وەستانی ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن بن و دووربکەونەوە لە هەر کردارێک کە گرفت بۆ پرۆسەی دەنگدان دروست دەکات.  
 
لە کۆتاییشدا، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کە سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات، داوا لە دەنگدەران دەکات پابەند بن بە مەرجەکانی کۆمیسیۆن و، "ئامێری مۆبایل و کامێرا لەگەڵ خۆیان نەبەنە نێو بنکەکانی دەنگدان. " 
 
بڕیارە رۆژی یەکشەممە، 20ـی تشرینی یەکەم، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە هەر چوار بازنەی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 878 دەنگدەرە، لەو ژمارەیەش، دوو ملیۆن و 683 و 618ـیان دەنگدەری گشتین و سبەی مافی دەنگدانیان هەیە.