رووداو ریزبەندیی ئەو بەربژێرانەی پارتی بڵاودەکاتەوە کە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی داتاکان، دوو بەربژێری پارتی لە هەولێر سەروو 2000 دەنگ و زیاتر لە 10 بەربژێریش سەروو 1000 دەنگیان بەدەستهێناوە.
تۆڕی میدیایی رووداو ئەنجامی 80%ی دەنگەکانی دەنگدانی تایبەتی بڵاوکردووەتەوە، کە پارتی بە 64 هەزار و 581 دەنگ لە پلەی یەکەم، یەکێتی بە 39 هەزار و 823 دەنگ لە پلەی دووەم و نەوەی نوێش بە 9 هەزار و 34 دەنگ لە پلەی سێیەمدایە. بەگوێرەی ئەو داتایانەی کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، ژمارەیەک لە بەربژێرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک بەشێکیان سەروو 2000 دەنگیان لە دەنگدانی تایبەت بەدەستهێناوە.
پێنج لە بەربژێرانی پارتی کە خاوەن زۆرترین دەنگی پارێزگای هەولێر بوون بەم شێوەیە:
هەڵگورد نەجیب: 2700 دەنگ
ئەحمەد نوح: 2120 دەنگ
شەهرام عەلی کەژۆ: 1700 دەنگ
سەروان هەرکی: 1600 دەنگ
ڤاڵا فەرید: 1590 دەنگ
لە پارێزگای دهۆکیش پێنج بەربژێری پارتی لە ریزبەندیی سەرەوەن و زیاتر لە 1000 دەنگیان بەدەستهێناوە، کە ئەمانەن:
بەهجەت عەلی ئیبراهیم: 1623 دەنگ
ژیهات ئیبراهیم عەلی: 1159 دەنگ
سەلیم شەعبان محەممەد: 1099 دەنگ
سەردار خەلیل عەلو: 1088 دەنگ
کلحی محەممەد کلحی: 1080 دەنگ
کاژێر 07:00ی بەیانیی رۆژی هەینی دەنگدانی تایبەت بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستپێکرد و تاوەکو کاژێر 06:00ی ئێوارە بەردەوام بوو.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دوایین راپۆرتی لەبارەی دەنگدانی تایبەت بڵاوکردەوە. بەپێی زانیارییەکانی نێو راپۆرتەکە، 215 هەزار و 960 دەنگدەر تۆمار کراون، 208 هەزار و 521 کەس کە دەکاتە 97% بەشدارییان لە پرۆسەکەدا کردووە.