دوایین راپۆرتی کۆمیسیۆن لەبارەی دەنگدانی تایبەت: هیچ پێشێلکارییەکی بەرچاو و دیار تۆمار نەکرا

19-10-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دوایین راپۆرتی لەبارەی دەنگدانی تایبەت بڵاوکردەوە. بەپێی زانیارییەکانی نێو راپۆرتەکە، 215 هەزار و 960 دەنگدەر تۆمار کراون، 208 هەزار و 521 کەس کە دەکاتە 97% بەشدارییان لە پرۆسەکەدا کردووە.
 
کۆمیسیۆن دەڵێت، 165 بنکە و 749 وێستگەی دەنگدان بۆ دەنگدانی تایبەت هەبوون. ئاماژەی بەوەش کردووە، "پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت کۆتایی هات، سندووقەکانی دەنگدانی تایبەت بەبێ کێشە داخران و هیچ پێشێلکارییەکی ئەمنیی بەرچاو و دیار تۆمارنەکران."
 
کۆمیسیۆن ژمارەی دەنگدەرانی پیاو و ژنی لە دەنگدانی تایبەت جیاکردووەتەوە و رایگەیاندووە، لە کۆی گشتیی 203 هەزار 773 دەنگدەریان پیاو و چوار هەزار و 748 دەنگدەریان ژن بوون.
 
هەروەها لەبارەی ژمارەی دەنگدەرانی تایبەتی خوێندەوار و نەخوێندەوار ئاماژەی بەوە کردووە، 189 هەزار و 857 دەنگدەری خوێندەوار و 18 هەزار و 664 دەنگدەری نەخوێندەوار هەبوون.
 
پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بە چاودێریی هەزار و 926 چاودێر لە بنکەکانی دەنگدان بەڕێوەچووە، ئەمەش وەکو کۆمیسیۆن ئاماژەی پێداوە. هاوکات کۆمیسیۆن ئەوەیشی خستووەتەڕوو، سێ هەزار و 750 نوێنەری قەوارە سیاسییەکان لە بنکەکانی دەنگدان ئامادە بوون.
 
سەبارەت بە خوێندنەوە و نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەرانیش کۆمیسیۆن دەڵێت، 205 هەزار و 620 دەنگدەر پەنجەمۆریان تۆمار کراوە و "ژمارەی حاڵەتەکانی دەرنەچووی پەنجەمۆریش گەیشتە 2901 حاڵەت."
 
کاژێر 07:00ی بەیانیی رۆژی هەینی دەنگدانی تایبەت بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستپێکرد و تاوەکو کاژێر 06:00ی ئێوارە بەردەوام بوو. جگە لە پارێزگای هەڵەبجە لە پارێزگاکانی دیکە دەنگدان بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەچوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە