پەکەکە چوار خاڵی سەربازیی لە چیای قەرەچووخ رادەستی سوپای عێراق کردەوە
رووداو دیجیتاڵ
سوپای عێراق چوار خاڵی سەربازیی گەریلاکانی پەکەکەی لەسەر چیای قەرەچووخی سنووری قەزای مەخموور وەرگرتەوە و ژمارەیەک لە هێزەکانیشی لە سنووری کەمپی رۆستەم جودی (کەمپی مەخموور) بڵاوکردووەتەوە. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو رادەستکردنەوەیە بە رێککەوتنی پێشوەختەی نێوان پەکەکە و سوپای عێراق و بەنێوەندگیریی لایەنی سێیەم کراوە.
کاژێر 4:20ـی ئێوارەی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19-10-2023، هێزەکانی فیرقەی 14ـی سوپای عێراق چوار خاڵی سەربازیی چاودێرییان لەسەر چیای قەرەچووخ لە پەکەکە وەرگرتەوە کە بەپێی رێککەوتنێک لەلایەن سوپای عێراق وەرگیرایەوە.
بەرپرسێکی سوپای عێراق لەو ناوچەیە بە رووداوی گوت، "ئەو چوار خاڵەمان وەرگرتەوە کە پێشتر بۆ چاودێریکردنی کەمپەکە لەسەر چیای مەخموور و پاراستنی دروستکرابوون و نزیکەی 10 ساڵ دەبێت ئەو خاڵانە هەن، جگە لە خاڵەکان ژمارەیەک تونێلیش وەرگیراونەتەوە."
ئەمڕۆ فیرقەی 14ـی هێزەکانی سوپای عێراق هێزێکی لە دەورووبەری کەمپی رۆستەم جودی لە مەخموور بڵاوکردووەتەوە بۆ "پاراستنی کەمپ" و ئێستا کەمپەکە لەژێر چاودێریی سوپادایە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو چوار خاڵانەی وەرگیراونەتەوە بەهۆی ترسیان لە هێرشی ئاسمانییەوە، کە ساڵێک زیاترە لەلایەن گەریلاکانی پەکەکەوە چۆڵکراون، بەڵام ناوە ناوە بەکارهێندراوەتەوە، پێشتر لە هەر خاڵێکدا لەنێوان 8 بۆ 15 کەس هەبوون، لە دوای هێرشەکانی چەکدارانی داعش بۆ پارێزگای نەینەوا لە ساڵی 2014، سوود لەو خاڵانە وەرگیرا بۆ بەرپەرچدانەوەی داعش.
بەرپرسێکی هێزەکانی پێشمەرگە لە قەزای مەخموور، لەبارەی رادەستکردنەوەی ئەو چوارخاڵەوە رایگەیاند: "ئەو خاڵانە بەپێی رێککەوتن رادەستکراونەتەوە و سەرەتایەکە بۆ ئەوەی کەمپەکە بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق."
فەرماندەیی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) کە باڵی سەربازیی پەکەکەیە ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2023) رایگەیاند، سەرجەم هێزەکانیان لە کامپی مەخمورەوە کشاندووەتەوە بۆ ناوچەکانی پاراستنی میدیا کە مەبەست لێی قەندیل و ناوچەکانی دیکەی باشووری کوردستانە و دەڵێ "ئێستا لەو کامپەدا هیچ هێزێکیان نییە".
کشانەوەی گەریلا لە کەمپی مەخموور بە گوتەی پەکەکە لە کاتێکدایە، لەم مانگەدا کامپی مەخموور دوو جار لەلایەن تورکیاوە بۆردوومانکراوە.
ئێوارەی رۆژی 07-10-2023 دوو مووشەک ئاراستەی کەمپەکە کران، لە ئەنجامدا ژنێک و دوو منداڵ بە سووکی بریندار بوون. هەروەها رۆژی 13ی ئەم مانگە لە ئەنجامی بۆردوومانی کامپەکە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئافرەتێکی تەمەن 50 ساڵ بریندار بوو.
کەمپی مەخموور، دانیشتووانەکەی پێی دەڵێن کەمپی (شەهید رۆستەم جودی)، لە ساڵی 1998ـەوە لە بناری چیای قەرەچووخ لە رۆژهەڵاتی مەخموور بۆ پەنابەرانی کوردی باکووری کوردستان دروستکراوە.