کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق: نوێکردنەوە و دەرهێنانی کارتی بایۆمەتری کۆتایی هات
رووداو دیجیتاڵ
ئەو هاونیشتمانییانەی لە دوو مانگی سەرەتای ساڵی داهاتوو دەبنە 18 ساڵ، دەتوانن کارتی دەنگدان دەربهێنن و مافی دەنگدانیان دەبێت، بەپێی دوایین ئامارەکانی کۆمسیۆنیش، سێ ملیۆن و 654 هەزار کەس لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دەتوانن دەنگ بدەن.
سەربەست ئازاد، مانگی دووی ساڵی 2024 دەبێتە 18 ساڵ، سەرقاڵی دەرهێنانی کارتی بایۆمەتری دەنگدانە، تاوەکو بتوانێت لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەنگ بە حیزبی دڵخوازی خۆی بدات، سەربەست دەڵێت، "یەکەمجارە تەمەنم دەنگدان بیگرێتەوە، کارتی دەنگدانم دەرهێنا و بە پێویستم زانی ، دایک وباوک و خوشک و براکانیشم هەیانە، منیش کە کارتم دەرهێنا، بۆ ئەوەی بە ئازادی خۆم دەنگبدەم."
19ـی ئەم مانگە پرۆسەی دەرهێنانی کارتی بایۆمەتی دەنگدان، بۆ لەدایکبووانی مانگی یەک و دووی 2006 کۆتایی هات، بەوەش کۆی پرۆسەی نوێکردنەوە و دەرهێنانی کارتی بایۆمەتری دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی هات.
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە هەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و 654 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەم شێوەیە:
دهۆک، لە 887 هەزار دەنگدەر81٪ـیان کارتی دەنگدانیان دەرهێناوە.
هەولێر، لە یەک ملیۆن و 326 هەزار دەنگدەر 72٪ـیان کارتی دەنگدانیان دەرهێناوە.
سلێمانی، لە یەک ملیۆن و 441 هەزار دەنگدەر 71٪ـیان کارتی دەنگدانیان دەرهێناوە.
حەیدەر محەممەد، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە عێراق، بە رووداوی گوت، "سەبارەت بە ئێمە ئێستا نوێکردنەوەی لەدایکبووانی ساڵی 2006 دەکرێت، دوای ئەوەی ئەو پڕۆسەیە تەواو دەبێت، بەدڵنیاییەوە رێوشوێنی دیکە دەگیرێتەبەر."
دوای کۆتایی هاتنی پرۆسەی نوێکردنەوە و دەرهێنانی کارتی بایۆمەتری دەنگدان، کۆمسیۆن لە ئامادەکارییەکانی بەردەوام دەبێت، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، یەکێک لەو ئامادەکارییانەش کە بڕیارە هەر ئەم ساڵ تەواوبکرێت، تۆمارکردنی ناوی لیست و هاوپەیمانییەتیەکانە.
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، بەشێک لە ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لەگەڵ ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق تەواو دەکات.
دکتۆر عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندن لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، گوتی، "لە ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و کارتی دەنگدەرانیش لەگەڵ کارتی دەنگدەرانی تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان چاپدەکرێت، پێموایە مانگی داهاتوو دەست بە پێشکێش کردنی هاوپەیمانێتییەکان و حیزبەکان و بەربژێران هەروەها بۆ کۆتاکانیش دەکرێت."
بڕیارە 25-2-2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکرێت.