بەڕێوەبەری ناحیەی تەقتەق: بەهۆی نەخۆشییەکەوە نزیکەی 15 هەزار ماسی لەنێوچوون

رووداو دیجیتاڵ

بەرێوەبەری ناحیەی تەقتەق رایگەیاند، بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەک نزیکەی 100 حەوزی ماسی زیانیان بەرکەوتووە و لەنێوان 10 بۆ 15 هەزار ماسی لەنێوچوون. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 19-10-2023، ئاسۆ مستەفا، بەڕێوەبەری ناحیەی تەقتەق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ماوەی مانگێکە نەخۆشییەک لە حەوزی ماسییەکانی تەقتەق بڵاوبووەتەوە زیانی بە نزیکەی 100 حەوزی ماسی گەیاندووە، ئاماری دیاریکراو بەردەست نییە، بەڵام نزیکەی 10 بۆ 15 حەوزی ماسی لەنێوچوون."
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی تەقتەق، "سەرەتا یەک بۆ دوو ماسی لە حەوزەکە لەنێودەچن، ئەگەر زوو فریای بکەوێت باشە ئەگەرنا هەمووی لەنێودەچێت."
 
ئاسۆ مستەفا دەڵێت، لە ئێرانەوە پزیشکی پسپۆریان هێناوە و پشکنینیان کردووە و تاوەکو ئێستا دەرنەکەوتووە ئەو نەخۆشییەکە چییە و دیاری نەکراوە، بەڵام ئەو کەسانەی پسپۆرن و ئەزموونێکی زۆریان لەو کارە هەیە دەڵێن، نەخۆشییەکە وەرزییە و لەگەڵ گۆڕانکاری لە وەرزەکان روودەدات.
 
لە تەقتەق 700 حەوزی ماسی هەن، بەگوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی تەقتەق، "تەنیا دوو حەوزیان مۆڵەتیان هەیە و بەشێکیان پێشتر هەیان بووە، بەڵام نوێیان نەکردووەتەوە." دەشڵێت، "تائێستا وەزارەتی کشتوکاڵمان ئاگادارنەکردووەتەوە، ئەمڕۆ ئاگاداریان دەکەینەوە و داوا دەکەین لیژنەیەک بنێرن بۆ ئەوەی بەدوادواچوونی بۆ بکرێت."
 
تەقتەق و کۆیە زۆرترین حەوزی ماسییان تێدایە بەراورد بە ناوچەکانی دیکە، سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی حەوزەکانی ناوچەکە زێی بچووکە، هەندێک حەوزیش هەن پشت بە ئاوی ژێر زەوی دەبەستن.
 
بەرهەمی 412 حەوزی مۆڵەتداری ماسی ساڵانە سێ هەزار و 315 تۆنە، لەگەڵ بەرهەمی بێ مۆڵەتەکان و ئەوانەی راو دەکرێن لە دەریاچەکان ساڵانە بەرهەم دەگاتە حەوت هەزار تۆن ماسی.