پسوولەی خۆراکی هەولێر: ناوی 488 هەزار خێزان ئاراستەی وەزارەتی بازرگانی عێراق کراون

19-10-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
نیشانەکردن پارێزگای هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی رێکخستن و چاپکردنی پسوولەی خۆراکی هەولێر دەڵێت، داتا و زانیاری زیاتر لە 488 هەزار خێزانیان ئاراستەی وەزارەتی بازرگانی عێراق کردووە بۆ ئەوەی پسوولەی خۆراکیان بکرێتە ئەلیکترۆنی. دەشڵێت، لەمانگی 12 نۆرەی پارێزگای هەولێر و هەر خێزانێکیش مووچەکەی لە دوو ملیۆن دینار زیاتر بێت بەشەخۆراکی مانگانەی دەبڕدرێت.
 
سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی رێکخستن و چاپکردنی پسولەی خۆراکی هەولێر لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو کە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات رایگەیاند، بەپێی بڕیاری وەزارەتی بازرگانی عێراق، پسوولەی خۆراک لە هەموو پارێزگاکان دەکرێتە ئەلیکترۆنی هەموو داتا و ئاماری خێزانەکانی پارێزگای هەولێریان ئاراستەی وەزارەتی بازرگانی کردووە و بڕیارە مانگی 12 نۆرەی پارێزگای هەولێر بێت.
 
گوتیشی، لە قۆناخی یەکەمدا لە چەند پارێزگایەک چاپکراوە و دابەشکراوە لەوانە؛ دهۆک، کەرکووک، نەجەف. ئێستا پرۆسەکە لە بەسرە دەستی پێکردووە دابەش دەکرێت، لەدوای بەسرە نۆرەی پارێزگای مووسڵ دەبێت لەدوای ئەوە بڕیارە لە مانگی 12ـی 2023 نۆرەی هەولێر بێت بۆ دابەشکردنی پسوولەی خۆراکی ئەلیکترۆنی.
 
سیامەند قادر ئاماژەی بەوەکرد، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان پێشوەختە هەموو زانیارییەکانی بنکەکانی خۆراک و ژمارەی خێزان و هەموو ئەو کەسانەی بەشەخۆراکی مانگانە وەر دەگرن لەسنووری پارێزگای هەولێر بە هەموو قەزا و ناحییەکان کۆکراونەتەوە نێردراون بۆ وەزارەتی بازرگانی عێراق.
 
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی رێکخستن و چاپکردنی پسوولەی خۆراکی هەولێر، لەسنووری پارێزگاکەدا 488 هەزار و 967 خێزان زانیارییەکانیان نێردراوە بۆ بەغدا.
 
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی رێکخستن و چاپکردنی پسوولەی خۆراکی هەولێر گوتیشی، ئێمە لەمانگی حوزەیرانی 2023، داتا و زانیاری 488 هەزار خێزانمان ناردووە بۆ بەغدا کە ژمارەیان یەک ملیۆن و 959 هەزار و 634 کەسن، مانگانە لە دوو هەزار و 82 بریکاری دابەشکردنی خۆراک و هەزار و 259 بریکاری دابەشکردنی ئارد بەشەخۆراک و ئارد وەردەگرن.
 
بەگوێرەی رێنوێنییەکی حکومەت فیدراڵیی عێراق، ئەو کەسانەی داهاتیان بەرزە بەشەخۆراکی مانگانەیان رادەگیرێت، لەسنووری پارێزگای هەولێریش بەشەخۆراکی بەشێک لەوانە راگیراوە.
 
سیامەند قادر، دەڵێت،" پێشتر رێنماییەکی حکومەت هەبوو کە هەرکەسێک مووچەکەی لە یەک ملیۆن و 500 هەزار زیاتر بێت بەشەخۆراکی مانگانەی رادەگیرێت، بەڵام رێنمایەکە گۆڕاوە بۆ دوو ملیۆن دینار زیاتر بێت بەشەخۆراکیان رادەگیرێت، ئێستا 356 خێزان بەشەخۆراکیان راگیراوە کە 1531کەسن، بەڵام ئەم ئامارە گۆڕانکاری بەسەردا دێت. 
 
بڕیاری راگرتنەکە تەنیا کەرتی حکومی دەگرێتەوە یان تایبەتیش، بەڕێوەبەری رێکخستن و چاپکردنی پسوولەی خۆراکی هەولێر، گوتی، رێنمایی راگرتنی بەشەخۆراکی مانگانە لە کەرتی حکومی و کەرتی تایبەتیش دەگرێتەوە، ئەو کەسانەی لە ژوورە بازرگانییەکانن، مۆڵەتیان بۆ نوێ ناکرێتەوە تاوەکو لە بەڕێوەبەرایەتیی ئێمە پشتگیرییان بۆ نەکرێت.
 
لەبارەی ژمارەی ئەو کەسانەی لەم ساڵدا مردوون و ناویان لە لیستی فۆرمی خۆراکدا سڕاونەتەوە و ئەو منداڵانەشی لەدایکبوون و تۆماکراون، سیامەند قادر ئاماژەی بەوەکرد، ئەم ساڵ یەک هەزار و 222 منداڵ بۆ لیستی فۆرمی تۆمارکراون و مانگانە بەشەخۆراکیان بۆ دەبڕدرێتەوە، هەروەها یەک هەزار و 449 کەس مردوون ناویان لە لیستی خۆراک سڕدراونەتەوە.
 
یەکێک لەو گرفتانەی رووبەڕووی ئەو هاونیشتمانییان دەبێتەوە لە دەرەوەی وڵاتن، لەسیستمی ئەلیکترۆنی فۆرمی خۆراک ترسیان هەیە بەیەکجاری ناویان بسڕدرێتەوە.
 
سیامەند قادر دەڵێت، "ئەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵاتن لە سیستمی نوێی پسوولەی خۆراک کارتەکانیان رادەگیرێت تاوەکو دەگەڕێنەوە، چونکە بەگوێرەی رێنمایی وەزارەتی بازرگانی، هەرکەسێک لە دەرەوەی وڵات بێت، ناتوانێت بەشەخۆراک وەربگرێت، بەشەخۆراکەکەیان رادەگیرێت تاوەکو دەگەڕێنەوە دواتر پێیان دەدرێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە