لە کرماشان کەسێک چوار ئەندامی خێزانەکەی و هاوڕێیەکی خۆی کوشت

رووداو دیجیتاڵ

لە شاری هەرسینی سەر بە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کەسێک تەقەی لە چوار ئەندامی خێزانەکەی و هاوڕێیەکی خۆی کرد و هەر پێنجیانی کوشت. پۆلیس دەڵێت، تۆمەتبارەکە لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستگیرکراوە.
 
رۆژی چوارشەممە 18-10-2023، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری هەرسینی سەر بە پارێزگای کرماشان لە ماڵەکەی خۆیدا دوو کچ، کوڕێک، هاوژینەکەی و هاوڕێیەکی خۆی بە چەک کوشت. 
 
بەگوتەی پۆلیسی شاری هەرسین، ئەو پیاوە لە ژێرزەمینی ماڵەکەیاندا هاوڕێکەی خۆی کوشتووە، دواتر کە ژن و منداڵەکانی ناڕەزایەتییان دژی ئەو تاوانە دەربڕیوە، تەقەی لێکردوون و ئەوانیشی کوشتووە.
 
مەهدی حاجیان، بەڕێوەبەری پۆلیسی کرماشان رایگەیاند، دوای ئەوەی لە رووداوەکە ئاگادارکرانەوە، دەستبەجێ لە رێگەی چەندین تیمی پسپۆڕەوە بە هاوکاریی هێزەکانی ئیتلاعات لێکۆڵینەوەیان دەستپێکرد و دوای بەدواداچوونی ورد و کۆکردنەوەی زانیاری، لە ئۆپەراسیۆنێکدا بکوژەکە لە گوندێکی سەر بە شاری هەرسین دەستگیرکرا.
 
مەهدی حاجیان گوتی "بکوژەکە دوای دەستبەسەرکردن، دانی بەوەدا ناوە چوار ئەندامی خێزانەکەی و هاوڕێیەکی خۆی کوشتووە."
 
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە، بەرپرسێکی پۆلیسی هەرسین بە ماڵپەڕی ئیرنای گوتووە "بکوژ لەسەر پارە هاوڕێیەکەی خۆی کوشتووە، بەڵام هاوکات بەکارهێنانی زۆری ماددەهۆشبەرەکان و تێکچوونی باری دەروونیی، کاریگەریی لەسەر روودانی ئەو تاوانە هەبووە."
 
بەگوتەی ئەو بەرپرسە، کاتێک ژن و منداڵی بکوژ لە ماڵ نەبوون و چووبوون بۆ شت کڕین، بکوژ هاوڕێکەی خۆی لە ژێرزەمینی ماڵەکەیاندا کوشتووە، دوای ماوەیەک کچە گەورەکەی کە تەمەنی 20 ساڵان بووە، گەڕاوەتەوە ماڵەوە و دیمەنەکەی بینیوە، هۆکاری ئەو کارەی لە باوکی پرسیوە، بەڵام تەقەی لێکردووە ئەویشی کوشتووە.
 
بەرپرسەکە هەروەها بە ئیرنای راگەیاندووە، کوڕەکەی و کچەکەی دیکەی بکوژەکەش دوای شت کڕین دەگەڕێنەوە ماڵەوە، بەڵام هەر کە گەیشتوونەتە نێو ماڵ، باوکیان تەقەی لەوانیش کردووە و ئەوانیشی کوشتووە، دایکی منداڵەکانیش کە گوێی لە دەنگی تەقە دەبێت، خۆی دەکات بە ژووردا، بەڵام ئەویش دەکوژێت.
 
بکوژ دوای ئەو رووداوە هەڵدێت و لە ماڵی یەکێک لە هاوڕێیەکانیدا خۆی حەشار دەدات، دواتر بڕێک ماددەی هۆشبەر دەکڕێت و دەچێتە ماڵی هاوڕێیەکی دیکەی لە یەکێک لە گوندەکانی سەر بە شاری هەرسین، بەڵام دواتر لەلایەن هێزەکانی پۆلیس و ئیتلاعاتی هەرسینەوە دەستگیردەکرێت.
 
بەپێی میدیای ئێران، بکوژەکە ویستوویەتی دایک و باوکیشی بکوژێت، بەڵام لەبەرئەوەی خەڵكی گەڕەک پێیان زانیوە، نەیتوانیوە ئەو کارە بکات و لە شوێنی رووداوەکە هەڵاتووە.