رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە رایگەیاند، 27ی ئەم مانگە فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت و بڕیارە تاوەکو سێ رۆژ بەردەوامبێت. گوتیشتی: "ئەمساڵ حکومەت پارەی بۆ شوێنی فێستیڤاڵەکە تەرخانکردووە و جووتیاران کرێ نادەن."
رۆژی چوارشەممە 19-10-2022، ستار مەحموود، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بە سەرپەرشتی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، 27ی ئەم مانگە فێستیڤاڵی ھەنار و پاییزی ھەڵەبجە لە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی ھەڵەبجە بەڕێوەدەچێت و بۆ ماوەی سێ رۆژ واتا تاوەکو 29ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
بە گوتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە، لە فێستیڤاڵەکە 400 کەس بەهەموو پیشە جیاوازەکانەوە بەشدار دەبن "مەرج نییە هەموو بەشداربووان جووتیاربن."
ستار مەحموود گوتیشی: "ساڵی رابردوو جووتیاران سێ گلەییان هەبوو، (کرێ، کات و شوێن)، بەڵام ئەمساڵ هەموو ئەو کێشانە چارسەرکراون و شوێنەکەی لە پارکی شارە و خۆیان پێیان باشبووە لەوێ بیت."
ئەمساڵ جیاواز لە ساڵی رابردوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان پارەی بۆ ئەو فێستیڤاڵە تەرخانکردووە. ستار مەحموود گوتی: "وەزارەتی کشتوکاڵ 25 ملیۆن دیناری تەرخانکردووە و هەموو ئەرکی فێستیڤاڵەکە لەسەر حکومەتە و ئەمساڵ جووتیاران کرێی شوێنەکە نادەن، ئەوەش یەکێکی دیکەیە لە کێشەی جووتیارانی ساڵی رابردوو کە ئەمساڵ چارەسەرکراوە."
بە گوتەی ستار مەحموود: "ئامادەکارییەکانیان تەواوکردووە، بودجە و میزانییە دانراوە و لە سبەیەوە شوێنی دووکانەکان دیاری دەکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ