بەرپرسی یەکەی 70ـی هێزی پێشمەرگە: تۆڕێکی مین بە هێزەکانی کۆماندۆدا تەقیوەتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

لە سنووری ئیدارەی گەرمیان لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە دژی داعش فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان و چەند کارمەندێکی دیکەی ئەو هێزە بریندار دەبن و یەکێکیشیان گیانی لەدەستدا. بەرپرسی یەکەی 70ـی هێزی پێشمەرگە دەڵێت، "تۆڕێکی مین بووە پێیاندا تەقیوەتەوە."
 
رۆژی چوارشەممە 19-10-2022، مستەفا چاوڕەش، بەرپرسی یەکەی 70ـی هێزی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 9:30 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ لە کاتی ئۆپەراسیۆنێک دژی داعش، "تۆڕێکی مین بە هێزەکانی کۆماندۆدا تەقیونەتەوە." 
 
ئۆپەراسیۆنەکە لە سنووری تاوێرکەوە لە ناوچەی پەڵکانە و زینانە لە سنووری گەرمیان بووە. میدیای فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئاکام عومەر، فەرماندەی ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان "بە سەختی" برینداربووە و ئەفسەر زوھێر محەممەد گیانی لەدەستداوە و حەوت پێشمەرگەی دیکەی ھێزی کۆماندۆی کوردستان برینداربوون. 
 
لەبارەی دۆخی بریندارەکانەوە، مستەفا چاوڕەش گوتی: ئاکام عومەر و سێ کەسی دیکە لە نەخۆشخانەی فاروقن و لە ژێر چاودێری-دان، نازانین تەندروستییان چۆنە، چونکە ئەوە لای پزیشکەکانە، بەڵام هیوادارین باشبن.