ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان داوای مانگرتن و خۆپێشاندان دەکات

19-10-2022
فریا یونسی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا پاڵپشتی لە مانگرتنەکەی رۆژی شەممەی داهاتووی بەرلین دەکات و داواش دەکات خەڵکی نێوخۆش لەو رۆژەدا مانبگرن و خۆپێشاندان بکەن.
 
لە راگەیێندراوەکەدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە 19-10-2022 بڵاویکردووەتەوە هاتووە، لە درێژەی دووەمین مانگی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، حکومەتی ئێران "دەستی بە تووندوتیژی، سەرکوت و کوشتنی خۆپێشاندەران و لەنێویاندا منداڵان کردووە و گرتووخانەکانی بە خۆپێشاندەر و کەسانی ناڕازی پڕکردووە." 
 
ناوەندی هاوکاری لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا پاڵپشتی لە خۆپێشاندانەکانی دەرەوەی ئێران دەکات و دەڵێت، ناڕەزایەتییەکان تەنیا لەنێوخۆی ئێران نین، بەڵکو هاووڵاتییانی دەرەوەی ئێرانیش سەرەڕای جیاوازی سیاسی، زمانی و کولتووری، بەشێوەیەکی یەکگرتوو هاتوونە گۆڕەپانی خۆپێشاندان لە زۆربەی وڵاتان.
 
ئاماژەی بەوەش کردووە، شەممەی داهاتوو 22ی ئۆکتۆبەر، بە داواکاری حامید ئیسماعیلیون، گوتەبێژی ئەنجوومەنی قوربانییانی فڕۆکەی ئۆکراینی، بڕیاری خۆپێشاندانی گشتی لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا دراوە و بەو مەبەستەش، ناوەندی هاوکاری پاڵپشتی لە راگەیێندراوەکەی ئەو ئەنجوومەنە دەکات و داوای بەشداریی چالاکانەی هەموو لایەنە سیاسییەکان لەو خۆپێشاندانەدا دەکات. 
 
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان داوا لە هەموو خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیش دەکات، رۆژی شەممە لە کاژێر 12ی نیوەڕۆوە دەست بە مانگرتن و خۆپێشاندان لە هەموو شارەکان بکەن بۆ "وەڵامدانەوە بە تووندوتیژییەکانی حکومەتی ئێران و کوژران و دەستبەسەرکردنی خۆپێشاندەرانی ئەو وڵاتە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە."
 
ئەمە لەکاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران رەتیدەکاتەوە تووندوتیژی دژی خۆپیشاندەران بەکارهێنابێت. ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران رۆژی سێشەممە رایگەیاند، زۆربەی دەستبەسەرکراوان دوای چەند رۆژێک لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان ئازادکراون و دەکرێن. 
 
زیاتر لە هەفتەیەکە ئەنجوومەنی قوربانییانی فرۆکەی ئۆکراینی لە راگەیێندراوێکدا داوای لە هەموو خەڵکی ئێران لە سەرانسەری جیهان کردووە، رۆژی 22ی ئۆکتۆبەر گەورەترین مانگرتن لە ئەوروپا بە ناوەندی بەرلین بەڕێوەببەن. 
 
پێشتر هەر ئەو ئەنجوومەنە لە رۆژی 2-10-2022 گەورەترین گردبوونەوەی جەماوەریی لە شاری تۆرێنتۆی کەنەدا بەشداربوونی زیاتر لە 50 هەزار کەس بەڕێوەبردبوو کە کاردانەوەیەکی زۆری جیهانی لێکەوتبووەوە. ئەنجوومەنی قوربانییانی فرۆکە ئۆکراینیەکە لە دەستنووسێکدا بە واژۆکردنی ژمارەیەکی زۆر لە چالاکڤانانی سیاسی مەدەنی و کولتووری ئێران، داوای لە حکومەتی وڵاتان کردووە باڵیۆزەکانی ئێران لە وڵاتەکانیان دەربکەن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کاتی دەرهێنانی تەرمی هاووڵاتییەکە، وێنە: بەرگریی شارستانیی سۆران

رێبەرێکی گەشتیاری لە گەلی عەلی بەگ هەڵدێرا و گیانی لەدەست دا

بەپێی گوتەی هاوڕێکانی کە قسەیان بۆ بەرگریی شارستانی کردووە؛ لەکاتی گەڕانەوەیان لە قەزای چۆمان، لەو شوێنە وەستاون بۆ ئامادەکردنی ژەمی بەیانی، بەڵام مۆبایلەکەی محەممەد ئەسعەد کەوتووەتە خوارەوە، هەوڵی داوە بیگرێتەوە، لەوکاتەدا تووشی هەڵدێران بووە."