20 هەزار سەگی بێلانە لە هەولێر هەن و دەرمانی دژەهاری لە نەخۆشخانەکان کەمیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
سەگی بێلانە دانیشتووانی بەشێکی هەولێری هەراسان کردووە، بەردەرگەی ماڵان و کۆلانەکانی بەشێک لە شارەکە بووەتە شوێنی خواردن و خەوتنی سەگەکان، بەشێك لە منداڵەکانی لە گەڕەکەکانی ژیان، شادی، فەرمانبەران، هەولێری نوێ، لاوان، رۆشنبیری، دارەتوو و بنەسڵاوە لە ترسی سەگی بێلانە ناتوانن بە تەنیا هاتووچۆ بکەن.
نەهلە مەدحەت، هاونیشتمانییەکی هەولێرە و دەڵێت، "کچەکەم ناوێرێت منداڵەکانی بەتەنیا بنێرێتە دەرەوە دەبێت خۆی لەگەڵیان بێت".
بەشدار حوسێن، هاونیشتمانییەکی دیکەیە و دەڵێت، "ئەو منداڵەی من ئەگەر چەند پارەشی بدەیتێ ناتوانێت لە ترسی سەگ بڕواتە سەمونخانە".
زۆربوونی رووداوەکانی گەستن لەلایەن سەگەوە وایکردووە ڤاکسینی دژە هاری لە نەخۆشخانەکانی هەولێر تا ئاستی نەمان کەمبکات، بەپێی ئامارەکانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر لە شەش مانگی ئەمساڵدا 325 رووداوی گەستن لەلایەن سەگەوە تۆمارکراوە.
د. کاروان یاسین، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر دەڵێت، "نزیکەی مانگ و نیوێکە دەرزیی دژە هاریمان بۆ نەهاتووە و بڕێکی کەممان ماوە لە بەغداوە بۆمان نایەت".
لە ئەگەری وەرنەگرتنی دەرزی دژە هاری مەترسی بۆ سەر ژیانی ئەو کەسە دروست دەبێت کە سەگ گەستوویەتی.
د. هەڵگورد فەتحوڵڵا، پسپۆری هەناوی دەڵێت، "لە ماوەی مانگێکدا بۆ سێ نیشانەکانی لێ دەردەکەوێت ماسوولکەکانی گرژدەبن هەستیار دەبێت بە ئاو، ئەگەر زوو چارەسەر نەکرێت ئەوا دەمرێت".
بۆ کۆکردنەوەی سەگی بێلانە بڕیارە حکومەت شێڵتەرێک بە دووریی 15 کیلۆمەتر لەسەر رووبەری 30 دۆنم زەوی لە رێگەی گوێر بە تێچووی 450 ملیۆن دینار دروستبکات، جگە لە پڕۆژەکەی حکومەت پارێزگای هەولێر لەگەڵ رێکخراوێکی بیانی گفتوگۆی کردووە بۆ کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان و لێدانی دەرزی نەزۆکی.
ژیار جەلال، بەڕێوەبەری شارەوانی و ژینگەپارێزی هەولێر دەڵێت، "ئەوەی رێکخراوەکە چاوەڕێن وەڵاممان بدەنەوە ئەگەر وەڵامیان دایەوە ئەوا ئێمە ئامادەین، ئەوەی دیکەش ئەگەر حکومەت رەزامەندیی دا ئەوا ئەمساڵ جێبەجێ دەکرێت".
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان تەنیا لە سەنتەر شاری هەولێر نزیکەی 20 هەزار سەگی بێلانە هەن، بەپێی پڕۆژەکەی حکومەتیش بێت مانگانە 10 ملیۆن دینار بۆ گرتن و کۆکردنەوەی سەگی بێلانە پێویستە.