رووداو- هەولێر
نەجمەدین کەریم نهێنییەک لەبارەی رێککەوتنی بافڵ تاڵەبانی و قاسم سولەیمانی بۆ کشانەوەی هێزەکانیان لە کەرکووک ئاشکرا دەکات و دەڵێت رۆژێک پێش 16 ی ئۆکتۆبەر هەموو شتێکیان بڕاندووەتەوە.
نەجمەدین کەریم، پارێزگاری لەکارلادراوی کەرکووک، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریکی دەڵێت: "ئێستا پلانی ئەوەم نییە بگەڕێمەوە بۆ کەرکووک، ئەگەر بگەڕێمەوە ژیانم دەکەوێتە مەترسییەوە".
نەجمەدین کەریم باس لەوە دەکات کە میلیشیا شیعەکان چوونەتە سەر گەڕەکە کوردنشینەکان و خەڵکیان ئازارداوە و هەزاران کەسیش شارەکەیان جێهێشتووە.
هەندێک لە میدیا ئەمریکییەکان باسی رۆڵی ئێران و قاسم سولێمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە شەڕی کەرکووکدا دەکەن. ماڵپەڕی بلومبێرگ دەنووسێت: رۆژی یەکشەممە قاسم سولێمانی لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و برازاکانی جەلال تاڵەبانیدا رێککەوتووە.
لەو بارەوە نەجمەدین کەریم دەڵێت: "ئەوان گەیشتنە تێگەیشتنێک بۆئەوەی فەرماندەکانی پێشمەرگە لە شەڕەکەدا بەشدار نەبن، ئەوەش کاتێک هێزە عێراقییەکان هاتنە نێو کەرکووکەوە. رۆژێک پێش هێرشەکە، بافڵ، کوڕە گەورەی مام جەلال و لاهور، برازاکەی و ئاراز، براگەورەی لاهور، هاتنە کەرکووک و لەوێ لەگەڵ نوێنەری قاسم سولەیمانی کۆبوونەوە. نوێنەرەکەی سولێمانی دوایین پەیامی خۆی پێڕاگەیاندن و گوتی؛ ئێوە یان پێگەکانتان بەجێدەهێڵن یان هێرشتان دەکەینە سەر".
بلومبێرگ دەنووسێت: هەندێک لە پێشمەرگەکان شەڕی سوپای عێراقیان کرد، بەڵام پاشەکشەی یەکە سەرەکییەکان واتای ئەوەبوو کە سوپای عێراق توانی بە ئاسانی کەرکووک بگرێت. بەڵام نەجمەدین کەریم دڵنیایە لەوەی رۆژێک ئەم بارودۆخە دەگۆڕێت و دەڵێت: "رۆژێک دەگەڕێینەوە بۆ کەرکووک، دڵنیا نیم ئەو گەڕانەوەیە کەی دەبێت، بەڵام هەر دەگەڕێینەوە".
پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ