بەڕێوەبەری حەج و عومرە: کێشەی عومرەکارانی کورد لە سعودیە چارەسەرکرا
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، کێشەی عومرەکاران لە سعودیە چارەسەرکراوە. سبەی یەکەم کاروانی عومرەکارانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە دەگەڕێندرێنەوە .
شێخ نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رۆژی پێنجشەممە، 19-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە هەوڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کێشەکە چارەسەر کراوە، کە چەند رۆژێک لە سعودیە گیریان خواردبوو.
شێخ نیاز نەقشبەندی گوتی، سبەی وەک کاروانی یەکەم 260 عومرەکار دەگەڕێندرێنەوە، ئەوانەی دیکەش بە گوێرەی خشتەیەک لە رۆژانی داهاتوو دەگەڕێندرێنەوە کە ژمارەیان 1200 عومرەکارە.
رێبوار ئازاد، بەڕێوەبەری کارگێڕی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، پێنجشەممە 19-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گەڕانەوەی ئەو عومرەکارانە بە رێککەوتن بووە لەگەڵ هێڵی ئاسمانیی عێراقییە.
بەڕێوەبەری کارگێڕی کۆمەڵەی کۆمپانیاکان گوتیشی، لە دوو رۆژی رابردوودا 20 پاسیان بۆ گەڕانەوەی ئەو عومرەکارانە رەوانە کردووە، ئەوانەی ئارەزوویان کردبێت توانیویانە بە پاس بگەڕێنەوە، ئەوانی دیکەش بە فڕۆکە دەتوانن لە رێگەی هێڵی ئاسمانییە عێراقییە بگەڕێنەوە.
پێش راگەیاندنی چارەسەربوونی کێشەکە، وەلید دلفی، گوتەبێژی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق رۆژی پێنجشەممە، 19ـی ئەیلوولی 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە لە ئەمڕۆوە دەست بە گەڕاندنەوەی ئەو عومرەکارانە بکرێت و بەپێی ئەو بەرنامەیەی دایانناوە، "تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە سەرجەم ئەو عومرەکارانە بە ژمارەیەک کاروان دەگەڕێندرێنەوە."
دلفی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد هێڵی ئاسمانیی عێراق لەو پێناوەدا ژمارەی گەشتەکانی بۆ سعودیە زیاد دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا گلەیی لە کۆمپانیاکانی حەج و عومرە کرد کە: "هاوئاهەنگیی تەواویان لەگەڵدا ناکەن و بەهەموو جۆرێک عومرەکان دەنێرن."
رووداو بەدواداچوونی بۆ ئەو کێشەیە کرد و بەپێی زانیارییەکان نزیکەی یەک ملیۆن دۆلار زیان بەر عومرەکاران و کۆمپانیاکانی حەج و عومرەی کوردستان کەوتووە، بەشێوەیەک هەر عومرەکارێک تێچووی تکتی گەڕانەوەی بە فڕۆکە نزیکەی 250 دۆلارە، کە بە تێكڕا 625 هەزار دۆلار دەکات بۆ 2500 عومرەکارەکە.
زیانی کۆمپانیاکانی حەج و عومرەش بۆ هەر رۆژێک زیاتر مانەوە 100 دۆلارە، کۆی گشتیی زیانی کۆمپانیاکان تاوەکو ئێستا 250 هەزار دۆلار دەبێت، بەو پێیە کۆی زیانەکە نزیکەی 875 هەزار دۆلار دەبێت، لەگەڵ کاتی زیاتر زیانەکان زیاتر دەبێت.
لە رۆژی شەممەی ئەم هەفتەیەوە بەهۆی نەبوونی فڕۆکەوە، هێڵی ئاسمانیی عێراق نەیتوانیوە عومرەکارانی کوردستان بگەڕێننەوە، بۆیە نزیکەی 2500 عومرەکاری کورد گیریان خواردبوو، بەشێکیان بەڕێگەی زەوینی گەڕابوونەوە، بەڵام بەشی زۆریان لەو وڵاتە ماون و چاوەڕوانیی چارەسەری کێشەکانیان دەکرد.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو بەشێک لە عومرەکاران بەنیازن لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەوە سکاڵا لەسەر کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق بکەن، چونکە زیان بەر ئەوان و کۆمپانیاکان و عومرەکاران کەوتووە، لە سکاڵاکەدا داوای قەرەبووکردنەوەش دەکەن.