رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی دەوڵەتی تورکیا گیانلەدەستدانی گەریلایەکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی بە ناوی خەلیل یغیت لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.
بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی دەوڵەتی تورکیا، لە ئۆپەراسیۆنێکی دەزگەی هەواڵگریی نیشتمانی (میت) لە چیای گارە، گەریلایەک بە ناوی خەلیل یغیت گیانی لەدەستداوە.
خەلیل یغیت، کە ناوە نهێنییەکەی هۆگر پیرۆسی بووە، بە گوێرەی ئاژانسەکەی تورکیا بەرپرسێکی پەکەکە بووە لە گارە و لە دژی هێزەکانی تورکیا چالاکی کردووە.
ئاژانسەکە دەڵێت، خەلیل یغیت ساڵی 2007 لە شرنەخ پەیوەندیی بە پەکەکەوە کردووە. لە سلۆپی بەشداریی لە هێرشی سەر هێزە ئەمنییەکانی تورکیا و دانانەوەی مین کردووە. لە شەڕی خەندەقدا سەرپەرشتیار بووە و ساڵی 2018 لە ریزەکانی یەپەگەدا بووە و دوایین جار لە گارە ئەرکی پێدراوە.
رۆژی 17ـی ئەیلوولی 2024، ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) کە باڵی سەربازیی پەکەکەیە، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دووجار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی تورکیا و بەهۆیەوە سەربازێک لە زاپ کوژرا و سەربازێکی دیکەش بریندار بووە.
ئەو شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ کە بەرەبەیانیی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ