رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کێشەی گەڕاندنەوەی ئەو 2500 عومرەکارەی لە سعودیە گیریان خواردووە چارەسەر دەکرێت و لەسەر فەرمانی وەزیری گواستنەوە ژمارەی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ گەڕاندنەوەیان زیاد دەکرێت.
وەلید دلفی، گوتەبێژی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی ئەیلوولی 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە لە ئەمڕۆوە دەست بە گەڕاندنەوەی ئەو عومرەکارانە بکرێت و بەپێی ئەو بەرنامەیەی دایانناوە، "تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە سەرجەم ئەو عومرەکارانە بە ژمارەیەک کاروان دەگەڕێندرێنەوە."
دلفی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد هێڵی ئاسمانیی عێراق لەو پێناوەدا ژمارەی گەشتەکانی بۆ سعودیە زیاد دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا گلەیی لە کۆمپانیاکانی حەج و عومرە کرد کە :"هاوئاهەنگیی تەواویان لەگەڵدا ناکەن و بەهەموو جۆرێک عومرەکان دەنێرن."
ماوەی شەش رۆژە نزیکەی 2500 عومرەکاری هەرێمی کوردستان بەهۆی نەبوونی فڕۆکە و ستافی فڕۆکەوانیی بەردەستەوە، لە وڵاتی سعودیە گیریان خواردووە و سەرباری ئەوەی وادەی گەشتەکانیان تێپەڕیوە، بەڵام نەگەڕاونەتەوە.
رووداو بەدواداچوونی بۆ ئەو کێشەیە کرد و بەپێی زانیارییەکان نزیکەی یەک ملیۆن دۆلار زیان بەر عومرەکاران و کۆمپانیاکانی حەج و عومرەی کوردستان کەوتووە، بەشێوەیەک هەر عومرەکارێک تێچووی تکتی گەڕانەوەی بە فڕۆکە نزیکەی 250 دۆلارە، کە بە تێكڕا 625 هەزار دۆلار دەکات بۆ 2500 عومرەکارەکە.
زیانی کۆمپانیاکانی حەج و عومرەش بۆ هەر رۆژێک زیاتر مانەوە 100 دۆلارە، کۆی گشتیی زیانی کۆمپانیاکان تاوەکو ئێستا 250 هەزار دۆلار دەبێت، بەو پێیە کۆی زیانەکە نزیکەی 875 هەزار دۆلار دەبێت، لەگەڵ کاتی زیاتر زیانەکان زیاتر دەبێت.
رێبوار ئازاد، بەڕێوەبەری کارگێڕێی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی حەج و عومرە، رۆژی پێنجشەممە، 19ـی ئەیلوولی 2024، بە رووداو-ی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا ئاگاداری ئەوە نین کێشەکە چارەسەربووبێت، چاوەڕوانیین بەزووترین کات ئەو عومرەکارانە بگەڕێندرێنەوە، گوایە هێڵی ئاسمانی عێراق دەڵێت تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە دەیانگەڕێننەوە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ستافی فڕۆکەوانییان کەمە."
لە رۆژی شەممەی ئەم هەفتەیەوە بەهۆی نەبوونی فڕۆکەوە، هێڵی ئاسمانیی عێراق نەیتوانیوە عومرەکارانی کوردستان بگەڕێنننەوە، بۆیە نزیکەی 2500 عومرەکاری کورد گیریان خواردبوو، بەشێکیان بەڕێگەی زەوینی گەڕاونەتەوە، بەڵام بەشی زۆریان لەو وڵاتە ماون و چاوەڕوانیی چارەسەری کێشەکانیان دەکەن.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو بەشێک لە عومرەکاران بەنیازن لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەوە سکاڵا لەسەر کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق بکەن، چونکە زیان بەر ئەوان و کۆمپانیاکان و عومرەکاران کەوتووە، لە سکاڵاکەدا داوای قەرەبووکردنەوەش دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ