کوێستان محەممەد 205 هەزار ناوی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەباتە بەغدا
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتیی هەرێمی کوردستان بۆ دۆسیەی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتیی سەردانی بەغدا دەکات و ناوی 205 هەزار کەس لەگەڵ خۆی دەبات.
ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە 19-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەی مووچە و سوومەندبووانی چاودێریی کۆمەڵایەتی، بەم نزیکانە کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات.
ئاریان ئەحمەد گوتی، پێش کۆرۆنا نزیکەی 88 هەزار کەس مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتیان هەبوو؛ بەڵام دوای کۆرۆنا و سەختی ژیان ئێستا ژمارەکە بۆ 205 هەزار کەس بەرزبووەتەوە.
لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابوووریی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە هەولێر کرا، دۆسیەی چاودێریی کۆمەڵایەتیی باسکرا، بەڵام ئاریان ئەحمەد دەڵێت، لایەنی عێراقی داوایان کرد شاندێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان بکات بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسە.
گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان گوتی، بڕیارە وەزیر سەردانی بەغدا بکات و 205 هەزار ناوی خێزان لەگەڵ خۆی دەبات بۆ ئەوەی پارەی پێویستیان بۆ دابینبکرێت و مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی وەربگرن. داوادەکرێت پارەی پێویستیان بۆ دابین بکرێت، بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەیان بدات.
د. ئەحمەد خەلەف موسەوی، سەرۆکی دەستەی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا بە نووسراوی فەرمی هیچ داوایەکیان پێشکێش نەکراوە؛ بەڵام ئامادەن ئەو دۆسیەیە لەگەڵ حکومەتیی هەرێمی کوردستان تاوتوێ بکەن.