رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری مەریوان شەڕ لەنێوان دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و هێزەکانی ئێران روویدا و ئەندامێکی سەرکردایەتیی کۆمەڵە لە شەڕەکەدا گیانی لەدەستدا.
نزیک کاژێر سێی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ناوچە سنوورییەکانی پیرانەکۆنی مەریوان، شەڕ لە نێوان دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و هێزەکانی ئێران روویدا.
دەستەی کارگێڕیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لەو شەڕەدا رێبوار کەریمیان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و بەرپرسی کۆمیسیۆنی سەربازی ئەو حیزبە گیانی لەدەستداوە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، شەڕی نێوان پێشمەرگەکانی کۆمەڵە و هێزەکانی سوپای پاسداران تاوەکو دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە بەردەوام بووە و هێزەکانی ئێران تۆپبارانی ئەو ناوچەیەیان کردووە، تێیدا شەڕ روویداوە.
ئەحمەدعەلی گودەرزی، فەرماندەی پاسەوانی سنووریی ئێران دەڵێت، شەڕەکە لەنێوان هێزەکانی پاسەوانی سنووریی ئێران و پێشمەرگەکانی کۆمەڵە روویداوە و رێبوار کەریمیان گیانی لەدەستداوە و چەند کەسی دیکەش برینداربوون. دەشڵێت، لە شەڕەکەدا یەکێک لە هێزەکانی ئێرانیش بریندار بووە و تەندروستی جێگیرە.
رێبواری کەریمیان ساڵی 1980 لە گوندی دارسێرانی مەریوان لەدایکبووە و خێزاندارە. لە ساڵی 2001 بووەتە پێشمەرگەی کۆمەڵە و ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی کۆمیسیۆنی سەربازیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ