باڵیۆزی ئێران لە عێراق: شاندێک بۆ بەدواداچوونی رێککەوتنە ئەمنییەکە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات

19-09-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

باڵیۆزی ئێران لە عێراق دەڵێت، ئەمڕۆ سێشەممە دوایین رۆژی رێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێرانە و ئاماژە بەوەش دەکات، ویستێکی راستەقینە لە لایەن بەغدا و هەولێرەوە هەیە بۆ جێبەجێکردنی بەندەکانی رێککەوتنەکە.
 
میدیای فەرمیی ئێران لەسەر زاری محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق بڵاویکردەوە، "ئەمڕۆ دوایین رۆژی رێککەوتنەکەیە و بە مەبەستی بەدواداچوونی چۆنییەتی جێبەجێکردنیشی شاندێکی هاوبەشی ئێران و عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات".
 
کازم ئال سادق گوتیشی، "ویستێکی جیدیمان لە حکومەتی ناوەندی (عێراق) و هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ دەرکردنی گرووپە چەکدارەکان لە بارەگاکانیان بینیوە" و ئاماژەی بەوەشکرد، بەدواداچوون بۆ "چەککردن"ی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوەی رێککەوتنە ئەمنییەکەدا دەکەن.
 
ئەم گوتەیە لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە، 18-09-2023، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا لە تاران باسی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، هەبوونی ئەو هێزانە لە هەرێمی کوردستان "پێچەوانەی ئاسایشی سنووریی نێوان هەردوو وڵاتە".
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ لایەنی عێراقی ئاماژەی بەوە کردووە کە "کۆماری ئیسلامی بوونی ئەو هێزانە قبووڵ ناکات" و گوتیشی، حکومەتی عێراق رایگەیاندووە کە پابەندی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵاتە و تارانیش چاوەڕێی جێبەجێکردنی دەکات.
 
رۆژی 19ی ئاداری 2023 عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەوکاتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە بەغدا رێککەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵاتیان واژۆ کرد و یەکێک لە خاڵەکانی تایبەت بوو بە دوورخستنەوەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان.
 
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رۆژی 13ی ئەیلوول چووە تاران و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران دا کۆبووەوە و گوتی، لە دوایین قۆناخی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەدان، گوتیشی، "گرووپە جیاوازەکان لە سنووری عێراق و ئێران لە چەک داماڵدراون، کەمپ دروستکراوە و دەبێتە کەمپی پەنابەران. ئەو کەمپانە لە داهاتوودا لەلایەن ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان یان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بەڕێوەدەبرێن."
 
 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە