رووداو دیجیتاڵ
لەنێو قوتابخانە و باخچەکانی هەرێمی کوردستان نیڤشکان و منداڵانی ئۆتیزم لە یەکتر جیادەکرێنەوە. لە سلێمانی پرۆژەیەک بۆ هۆشیارکردنەوە، بە ناونیشانی (باخچە بۆ هەمووان) لەلایەن هاما گرووپ، بە سپۆنسەری تۆڕی میدیایی رووداو راگەیێندراوە.
بەناز، دایکی منداڵێکی ئۆتیزمە باسی ئەو گرفتانە دەکات کە دێنە بەردەم منداڵەکەی و دەڵێت: "گرفتەکان هێندە زۆرن ئەگەر لە منداڵییەوە باسی بکەم، کتێبێکی دەوێت، بەڵام ئێستا گرفتە بنەڕەتییەکە قوتابخانەکانن، بڕیارییان داوە وەریان نەگرن، لە قوتابخانەکانی تایبەت بەخۆشیان چاودێر و مامۆستای پێویستییان نییە و دوای یەک، دوو وانە پێیان دەڵێن، بڕۆنەوە."
باوان، منداڵێکی ئۆتیزمە، دایکی رۆژانە هەوڵدەدات، پیت، وشە و ژمارەی نوێ فێری کوڕە 10 ساڵانەکەی بکات، چونکە ئەو لە منداڵییەوە توانای قسە و فێربوونی لە چاو جوڵەکانی زیاتر بووە، گرفتی سەرەکی ئەو دایکە، وەرنەگرتنی منداڵەکەیەتی لە قوتابخانەیەکی ئاسایی و تێکەڵاو نەبوونیەتی بە منداڵانی دیکە.
باوان ئێستا لە پۆلی دووی بنەڕەتییە، ئەو قوتابخانەیەی لێی دەخوێنێت لەگەڵ 20 قوتابی دیکەی ئۆتیزم و نیڤشکان جیاکراونەتەوە، بەگوتەی دایکی، [جیاکردنەوەکە] گرفتی بۆ زوو چارەسەرکردن و فێربوونی منداڵەکەی دروستکردووە.
لە سلێمانی هاما گرووپ بە سپۆنسەری تۆڕی میدیایی رووداو، پرۆژەی (باخچە بۆ هەمووان)یان راگەیاندووە، ئامانجی پرۆژەکە ئەوەیە، لە رێگەی خول و پرۆشەری هۆشیارکردنەوەوە، بە بەڕێوەبەری باخچەکانی ساوایان بڵێن، "جیاکاریی مەکەن لە نێوان منداڵێکی نیڤشکان و ئۆتیزم لەگەڵ منداڵێکی دیکە و تێکەڵ بەیەک ژینگەیان بکەن."
پرۆژەی (باخچە بۆ هەمووان) لە سلێمانییەوە دەستیپێکردووە، بڕیارە تەواوی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە، لە باخچەکانەوە دەستپێدەکەن تاوەکو منداڵانی ئۆتیزم و نیڤشکان جیانەکرێنەوە لە کەسی ئاسایی، هەمان خزمەتگوزارییان پێشکێش بکرێت.
سەرمەد محەممەد، بەڕێوەبەری کۆمپانیای هاما بە رووداوی گوت: بیرمان کردەوە کارێکی زۆر جیاواز بکەین کە زۆر پێویستە بۆ کۆمەڵگەکەمان، ئەوەش ئەوەیە کە چۆن بیرکردنەوەی خەڵک بگۆڕین لەسەر کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت [نیڤشکان]، بیرمان لەوە کردەوە ئەم کارە پێویستە لە باخچەکانەوە کاری لەسەر بکرێت.
رووداو رەوشی ژیان و کێشە و گرفتی ئەوانەی ئۆتیزمیان هەیە و خێزانەکانیانی گەیاندە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و جیهان، ماوەی هەفتەیەکیشی تەرخان کردووە بۆ گەیاندنی کێشەکانیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ