یونامی لەبارەی هێرشەکەی عەربەت: هێرشەکان پێشێلکردنی سەروەریی عێراقن و دەبێت بوەستێندرێن
رووداو دیجیتاڵ
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی عێراق - یونامی سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی دوێنیی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەتی کرد و رایگەیاند، ئەو هێرشانە پێشێلکاریی سەروەریی عێراقن و داوای وەستاندنیان دەکات.
رۆژی سێشەممە، 19-9-2023، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی عێراق - یونامی لەبارەی هێرشە درۆنییەکەی پاشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، 18ـی ئەیلوولەوە، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە: "یونامی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت دەکات لە سلێمانی کە چەندین قوربانی لێکەوتووەتەوە. هێرشەکان پێشێلکردنی سەروەریی عێراقن."
هەروەها هاتووە: "پێویستە هێرشەکان کە دووبارە دەبنەوە بوەستێنرێن و پرسە ئاسایشییەکان لە رێگەی گفتوگۆ و دیپلۆماسییەوە، نەوەک هێرشەوە چارەسەر بکرێن."
کاژێر 04:05ی ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2023، بە درۆن هێرشکرایە سەر هۆڵێکی فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت کە هێزێکی دژەتیرۆر تێیدا سەرقاڵی مەشق و راهێنان بوون.
دوای هێرشەکە دژەتیرۆر لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکەدا، سێ پێشمەرگەیان "شەهیدبوون" و سێ ئەندامی دیکەیان برینداربوون.
دژەتیرۆر هەڕەشە لەو کەس و لایەنانە دەکات کە هاوکار بوون لە رووداوەکەدا و دەڵێت: "ئەو تاوانە کە بەچاوساغی نۆکەرانی بێگانە و سیخوڕانی ناوخۆیی کرا، بەبێ سزا تێناپەڕێت و هەر لایەن و جاسوسێک هاوکاربووبیت رووبەڕووی سزا و یاسا و ویژدانی نەتەوەکەمانی دەکەینەوە."