رووداو دیجیتاڵ
بەشێکی جووتیارانی هەرێمی کوردستان نموونەی بەروبوومەکانیان بردووەتە بەردەم وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و داوا دەکەن بەرهەمەکانیشیان نەچێتە ریزی سزا سیاسییەکانی بەغدا دژی هەولێر.
سەردار محەممەد، یەکێکە لەو جووتیارانە و دەڵێت، "ئێمە داوا لە حکومەتی عێراق و هەرێم دەکەین، ئێمە خەڵکێکی هەژارین و توانای ئەوەمان هەیە تەماتە، پەتاتە و هەموو رسقێک بۆ هەموو عێراق بەرهەم بهێنین داوایان لێدەکەین تەماتە و ئەو شتانە تێکەڵی سیاسەت نەکەن ئێمە هەژارین؛ دەمانەوێت رێککەوتنێک لەنێوان هەردولا بکرێت بۆ ئەوەی هەموو ساڵێک ئەم کێشەیە دووبارە نەبێتەوە."
رەئوف عومەر، جووتیارێکی دیکەیە و باس لەوە دەکات، "هەمووی شەش سەیارەی تەماتەم چنیوەتەوە. فرۆشتنی بە 250 بۆ ئێمە زەرەرە. داوامان لەم حکومەتە هەیە؛ ئەگەر بەم نرخەی ئێستا بیفرۆشین هەر پارەی سندووقەکان دەستمان دەکەوێتەوە."
لەناکاو ژمارەیەک جووتیاری عەرەب خۆیان خستە نێو ناڕەزایەتییەکەوە، بەرهەمی هەرێمی کوردستان سەرنجی راکێشابوون، دەیانگوت مخابن لەبری ئەم بەرهەمە، پەنا بۆ بەرهەمی دەرەوە دەبردرێت.
باوکی عەلی، جووتیارێکی عەرەبە و دەڵێت، "ئەو تەماتەیەی ئێستا هەیە هەموو پێویستییەکانی عێراق پڕدەکاتەوە. هیچ پێویستیمان بە بەرهەمی هاوردە نییە، نە شوتی نە تەماتە."
ناڕەزایەتییەکان وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقی هێنایە سەر هێڵ، بەڵام بە مەرج؛ دەبێت وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە نووسراوی فەرمی دڵنیایان بکاتەوە توانای دابینکردنی تەماتەی هەموو عێراقیان هەیە."
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، "ئێمە زەمانەتی تەختیەی بازاڕی عێراقی دەکەین بەپێی ئینتاجی ئەو بەرهەمەی کە لەناوخۆی هەرێمی کوردستان هەیە و بینێرینە بازاڕەکانی عێراق."
رەنگە لە مێژووی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و تەنانەت لەمێژووی ناڕەزایەتییەکانی ئەم وڵاتە، ئەمە یەکەمین جار بێت، گردبوونەوەیەک وەڵامی دوو حکومەت و نووسراوێکی فەرمی لێبکەوێتەوە.
هەرچەندە لە عێراق یاسای پاراستنی بەروبوومە خۆماڵییەکان هەیە بەڵام ساڵانە لە وەرزی پێگەیشتنی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان جووتیاران دەنگی ناڕەزایەتیان لێ بەرزدەبێتەوە لەبەر هەرزانیی نرخی بەرهەمەکان و کۆنتڕۆلنەکردنی دەروازە سنوورییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ