لە 5 مانگدا لە کرماشان و لۆڕستان 23 کەس لە شوێنی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە

رووداو دیجیتاڵ 

بە پێی دادپزیشکیی پارێزگاکانی لۆڕستان و کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە پێنج مانگی رابردوودا 23 کەس لە شوێنی کاردا لەو دوو پارێزگایە گیانیان لەدەستداوە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 19ی ئەیلوولی 2023، سەلیم خانی، بەڕێوەبەری دادپزیشکیی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لە پێنج مانگی رابردوودا 16 کەس لەو پارێزگایە لە کاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە و 272 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
سەلیم خانی گوتی، بەراورد بە هەمان ماوەی پار، گیانلەدەستدان و برینداربوون لە شوێنی کار لە کرماشان زیاد بووە، چونکە لە مانگەکانی نیسان، ئایار، حوزەیران، تەممووز و ئابی ساڵی 2022دا لە سنووری ئەو پارێزگایە 12 کەس گیانیان لەدەستدابوو و 260 کەسیش بریندار ببوون.
 
هاوکات، محەمەدڕەزا فارسی نەژاد، بەڕێوەبەری دادپزیشکیی پارێزگای لۆڕستان رایگەیاند، لە پێنج مانگی رابردوودا حەوت کەس لەو پارێزگایە لە شوێنی کاردا گیانیان لەدەستداوە کە یەکێکیان ژن و شەش کەسەکەی دیکەیان پیاو بوون.
 
محەمەدڕەزا فارسی نەژاد گوتیشی، هەر لەو ماوەیەدا 329 کەس لە شوێنی کاردا برینداربوون کە 14 کەسیان ژن و 315 کەسیان پیاو بوون.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری دادپزیشکیی پارێزگای لۆڕستان، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، لە گیانلەدەستداندا هیچ گۆرانکارییەک نییە، بەڵام بریندار بە رێژەی 11٪ زیاد بووە.
 
بە پێی هەر دوو دادپزیشکییەکە، کەوتنەوە لە بەرزاییەوە، بەرکەوتنی شتی قورس و تەقینەوەی مین، هۆکاری سەرەکی گیانلەدەستدان لە هەردوو پارێزگا بوون.