باڵیۆزی ئەمریکا لەبارەی هێرشەکەی عەربەت: پشتگیریی خۆمان بۆ رێزگرتن لە سەروەریی خاکی عێراق دووپات دەکەینەوە

19-09-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی عەربەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەکات و دەلێت، ئەمریکا پشتگیریی خۆی بۆ رێزگرتن لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق دووپات دەکاتەوە. 
 
رۆژی سێشەممە، 19ـی ئەیلوولی 2023، ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو)دا نووسی: "سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت لە پارێزگای سلێمانی دەکەین. ئێمە پشتگیری خۆمان بۆ رێزگرتن لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق دووپات دەکەینەوە؛ ئەم دوو شتە بۆ سەقامگیری و ئاسایشی عێراق زۆر گرنگن. پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی ئەو کەسانە دەکەین کە ئازیزانیان لەدەستداوە." 
 
کاژێر 04:05ـی ئێوارەی رۆژی دووشەممە، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت بیسترا؛ دابان محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت لەبارەی رووداوەکەوە رایگەیاند، هێرشەکە بە درۆن ئەنجامدراوە.
 
هەروەها دژەتیرۆری سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی رووداوەکەوە گوتی، بۆردوومان بووە و لە ئەنجامیدا ''سێ پێشمەرگەمان شەهید بوون" و سێ ئەندامی دیکەیان بریندار بوون. دژەتیرۆر دەشڵێت، "ناهێڵین خوێنیان بەفیڕۆ بڕوات."
 
دژە تیرۆر هەڕەشە لەو کەس و لایەنانە دەکات کە هاوکار بوون لە رووداوەکەدا و دەڵێت: "ئەو تاوانە کە بەچاوساغیی نۆکەرانی بێگانە و سیخوڕانی ناوخۆیی کرا، بەبێ سزا تێناپەڕێت و هەر لایەن و جاسوسێک هاوکاربووبیت رووبەڕووی سزا و یاسا و ویژدانی نەتەوەکەمانی دەکەینەوە."
 
لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەرەبەیانیی رۆژی سێشەممە، 19ـی ئەیلووی رایگەیاند، ئەو درۆنەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەتی لە شاری سلێمانی پێ کراوە، لە سنووری تورکیاوە هاتووەتە ئاسمانی عێراق، دەشڵێت "ئەو دەستدرێژییە چەندبارەبووانە لەگەڵ بنەمای دراوسێیەتیی باش ناگونجێت.. و عێراق مافی خۆیەتی سنوورێک بۆ ئەو پێشێلکارییانە دابنێت."
 
بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "سەرکۆنەی هەر جۆرە پێشێلکردنێکی سەروەریی خاکی کوردستان و عێراق و هەموو کارێکی نایاسایی دەکەین، کە دەبێتە هۆی شێواندنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان."
 
لای خۆیەوە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت بە پێشێلکردنێکی دیکەی سەروەریی خاکی عێراق ناوبرد و گوتی: "هیچ بیانوویەک نییە بۆ ئەنجامدانی ئەو جۆرە هێرشانە."
 
هێرشەکە بووە هۆی هێنانەدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی عێراق - یونامی سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی دوێنیی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەتی کرد و رایگەیاند، ئەو هێرشانە پێشێلکاریی سەروەریی عێراقن و داوای وەستاندنیان دەکات.
 
 
 

 

 
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لەو چوار ساڵەدا زۆرترین کەس لە ساڵی 2021 خنکاون. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە.

بەرگریی شارستانیی هەولێر: لە چوار ساڵدا 116 کەس لە ئاودا خنکاون

بەگوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی هەولێر، لە چوار ساڵی رابردوودا 224 کەس لە رووداوی جیادا گیانیان لەدەستداوە کە 116یان لە ئاودا خنکاون. لە هەمان ئەو ماوەیەدا بەهۆی رووداوی جیاوە هەزار و 218 ئۆتۆمبێل سووتاون.