دادگەی کەرکووک سزای لەسێدارەدانی بۆ سەرکردەیەکی داعش دەرکرد

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، دادگەی تاوانەکانی کەرکووک سزای لەسێدارەدانی بۆ سەرکردەیەکی داعش دەرکرد، کە لەساڵی 2014ەوە پەیوەندیی بە گرووپە "تیرۆریستییەکان"ەوە کردووە و چەندین کەسی کوشتووە.
 
رۆژی سێشەممە 19-9-2023، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق، سزای لەسێدارەدانی بۆ سەرکردەیەکی داعش دەرکرد بەتۆمەتی پەیوەندیکردن بە گرووپە چەکدارەکانەوە لە ساڵی 2014 و بەشداریکردن لە هێرشەکانی سەر هێزە ئەمنییەکان.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئەو کەسە بەرپرسیاریێیی لە نێو دیوانی حەسبە و ئەمنیی داعشدا هەبووە و بەشداری لە کوشتن و دەستگیرکردنی ژمارەیەک هاووڵاتیدا کردووە.
 
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەڵێت، ئەو کەسەی سزاکەی بۆ دەرچووە ئەو کاتەی بەرپرس بووە لەنێو رێکخراوی داعش بە پاساوی جگەرەکێشان خانووی کەسێکی لە سنووری پارێزگای کەرکووک تەقاندووەتەوە و سزای لێدانی 40 جەڵدەی بەسەردا جێبەجێکردووە.
 
ئەو سەرکردەیەی داعش بەپێی مادەی دووی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ژمارە 13ـی ساڵی 2005 دادگایی کراوە و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە.
 
رێکخراوی داعش لە حوزەیرانی ساڵی 2014 هێرشی کردە سەر شاری مووسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەوا و کۆنتڕۆڵی کرد، لەو ماوەیەدا چەندین کەسی کوشت کە بە نزیکەی 20 هەزار کەس مەزەندە دەکرێت.