جەبار یاوەر: چەککردنی ئۆپۆزیسیۆنی رۆژهەڵات کارێکی ئەستەمە

19-09-2023
هیدایەت جان
جەبار یاوەر، پسپۆڕی بواری سەربازی
جەبار یاوەر، پسپۆڕی بواری سەربازی
نیشانەکردن جەبار یاوەر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ دوا وادەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق – ئێرانە و چەککردنی ئۆپۆزیسیۆنی رۆژهەڵاتی کوردستان یەک لە خاڵەکانی نێو ئەم رێککەوتنەیە، پسپۆڕێکی بواری سەربازیش دەڵێت، چەککردنی ئەو هەموو هێزە چەکدارە کە هەرکامەیان لە ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، کارێکی زۆر ئەستەمە.
 
رۆژی سێشەممە 19ـی ئەیلوولی 2023 جەبار یاوەر، پسپۆڕی بواری سەربازی میوانی بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی رووداو بوو، کە ئارێز خالید لە ستۆدیۆکانی سلێمانییەوە پێشکێشی دەکات. جەبار یاوەر رایگەیاند "حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو لایەنی رێککەوتنی ئەمنین لەگەڵ ئێران، تائێستا ئەوەندەی لە زاری بەرپرسانی ئێرانەوە باسکراوە، چەند خاڵێکی رێککەوتنەکە پەیوەستە بە دوورخستنەوەی هێزی چەکداریی پارتە کوردەکانی دژبەری ئێران لە سنوورەکان و چەککردنیان و دوورخستنەوەی کەمپەکانیان بۆ نزیک موسڵ".
 
بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە لێدوانەکانیاندا بەردەوام گوتوویانە ئەوان بەتەواوەتی پابەندن بە رێککەوتنەکە، بەڵام جەبار یاوەر دەڵێت؛ "تائێستا روون نییە ئایا بە چ میکانیزمێک ئەو هێزانە چەکدەکرێن و دیاریش نییە لە کام ناوچانە گواستراونەتەوە، بەڵام گومان لەوەدا نییە چەککردنی ئۆپۆزیسیۆن پرۆسەیەکی ئاسان نییە، راستە رێککەوتنەکە کراوە، بەڵام جێبەجێکردنی لەسەر ئەرزی واقعدا ئەستەمە."
 
وەکو جەبار یاوەر باسی دەکات "حیزبی دیموکرات، کۆمەڵەکان، پژاک، پارتی ئازادی و سازمانی خەبات هەموویان هێزی چەکدارییان هەیە و لە ناوچەی جیاجیان، بەتایبەت هەندێک حیزب رەنگە بارەگای فەرمییان لە هەرێمی کوردستاندا نەبێت و تەنیا لەسەر سنوورەکان بن، بەتایبەتی پژاک، پرسیارەکە ئەوەیە؛ پرۆسەی چەککردنی ئەو هەموو هێزە چەکدارە لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە چ شێوازێک جێبەجێدەکرێت؟"
 
جەبار یاوەر دەڵێت تائێستا هیچ کەمپێک ئامادە نەکراوە بۆ نیشتەجێکردنی ئەو هێزە سیاسییانە و دیار نییە ئەو کەمپانە لە هەرێمی کوردستان دەبن یان لە عێراق. دەشڵێت "تەنانەت دیار نییە کێ چاودێریی ئەو کەمپانە دەکات؟ ئاخۆ هیچ پلانێک هەیە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ ئیدارەدانی ئەو کەمپانە، ئەوانە هەموویان تائێستا وەکو پرسیار ماونەتەوە."
 
جەبار یاوەر ئاماژە بە لیستی ناوی سەرکردایەتیی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەدات کە لە هەندێک میدیادا بڵاوکراوەتەوە و دەگوترێ، ئێران داوای کردووە رادەستبکرێنەوە، دەڵێت "ئایا هیچ بەڵێنێک لەلایەن حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە کە ئەوانە هەمووی رادەست بکرێنەوە، بەتایبەت زۆربەی ئەو ناوانەی بڵاوکراونەتەوە سەرکردەی یەکەمی حیزبەکانن، بۆیە جێبەجێکردنی ئەو خاڵانە لەسەر ئەرزی واقعدا بە قورس دەزانم."
 
ئێران و عێراق لە 19-03-2023 رێککەوتنێکی ئەمنییان لە بەغدا واژۆ کرد بۆ بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی ئەمنی و پاراستنی ئاسایشی سنووری هاوبەشی نێوان دوو وڵات.
 
رێککەوتنەکە دوای ئەوە واژۆ کرا کە ئێران داوای لە حکومەتی عێراق کرد، حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان چەک بکات و رێگە نەدات لە خاکی ئەو وڵاتەدا چالاکییان هەبێت و دوا وادەش بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی نێو رێککەوتنەکە، 19ـی ئەیلوولی 2023ـیە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بازاڕێکی وانی باکووری کوردستان.

گرانیی کاڵا بازاڕی دووکاندارانی پارێزگای وانی لاواز کردووە

ئەمین ئاری، سەرۆکی کۆمەڵەی بازاڕەکانی گەڕەک دەڵێت: "بەداخەوە ئابووری نەماوە. پێشتر یەک کەس کاری دەکرد دەیتوانی 20 کەس بەخێوبکات، بەڵام ئێستا 20 کەس کار دەکەن و ناتوانن کەس بەخێوبکەن. کاسبکاران و خەڵک قوربانین. خەڵک هێزی کڕینی نەماوە".