وەزارەتی خوێندنی باڵا رێنوێنی خوێندنی ماستەر و دکتۆرای بڵاوکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا رێنوێنی خوێندنی دیپلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرای بڵاوکردەوە؛ گوتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت، بۆ خوێندنی دیپلۆمی باڵا، تێکڕای نمرەی بەکالۆریۆسی پێشکێشکار رەچاوناکرێت، هەر پێشکێشکارێکیش تێکڕای نمرەی 50٪بێت مافی پێشکێشکردنی هەیە؛ بۆ ماستەریش نابێت پێشکێشکار تێکڕای نمرەی بەکالۆریۆسی 60٪ کەمتر بێت؛ بۆ دکتۆراش پێویستە تێکڕای نمرەی بڕوانامەی ماستەری پێشکێشکار 70٪ کەمتر نەبێت.
رۆژی دووشەممە 19-9-2022، عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: وەزارەت سەرجەم رێنوێنییەکانی پێشکێشکردن و وەرگرتنی بۆ خوێندنى دیپلۆمى باڵا، ماستەر و دکتۆرا بۆ ساڵى خوێندنى (2022-2023) دەرکرد.
رێنوێنییەکە کە ژمارە (3)ى ساڵى 2022ى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستییە، لە (19-9-2022 ) بەژمارە 158.9 بە واژۆی د. ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا دەرچووە.
گوتەبێژی وەزارەتەکە ئامانج لە دەرکردنی رێنوێنییەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ "رێکخستنى مەرج و رێکارەکانى پێشکێشکردن، شێوازى پێشبڕکێ، بەدیهێنانى هەلى یەکسان، دادپەروەری و شەفافییەت لە پڕۆسەى پێشکێشکردن و وەرگرتن لە خوێندنى دیپلۆمى باڵا، ماستەر، دکتۆرا و بەرزکردنەوەى ئاستى خوێندنى باڵا و پێگەیاندنى کەسانى پسپۆڕ و شارەزا بۆ دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا."
بە گوێرەی ئەو رێنوێنییانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بڵاویکردووەتەوە، بۆ خوێندنی دبلۆمی باڵای یەک ساڵی ئەکادیمی، تێکڕای نمرەی بەکالۆریۆسی پێشکێشکار رەچاو ناکرێت بۆ پێشکێشکردن، هەر پێشکێشکارێک تێکڕای نمرەی 50٪بێت، مافی هەیە داواکاریی پێشکێشبکات.
بۆ خوێندنی ماستەر، مەرجە خوازیار تێکڕای نمرەی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی پێشکێشکار 60٪ کەمتر نەبێت، جگە لە دەرچووانی کۆلێژە پزیشکییەکان، ئەو پێشکێشکارانەی تێکڕای نمرەی بەکالۆریۆسیان 60٪ کەمترە. مەرجە سەرەتا دبلۆمی باڵای یەک ساڵی ئەکادیمی لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان بخوێنن، دواتر مافیان هەیە، پێشکێشی خوێندنی باڵا/ماستەر بکەن، بەشێوەیەک کە 60٪ی نمرەیان لەسەر کۆنمرەی بڕوانامەی دبلۆمی باڵای یەک ساڵەی ئەکادیمی دەبێت و رێژەی 40٪ی نمرە لەسەر کۆنمرەی بڕوانامەی بەکالۆریۆس دەبێت.
بۆ خوێندنی دکتۆرا، مەرجە خوازیار تێکڕای نمرەی بڕوانامەی ماستەری ئەکادیمی 70٪ کەمتر نەبێت و هەروەها مەرجە خوازیار تێکڕای نمرەی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی 60٪ کەمتر نەبێت، جگە لە دەرچووانی کۆلێژە پزیشکییەکان و هەڵگری نازناوی زانستی هەمیشەیی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی پەروەردە.
بۆ ئەوەی خوازیار مافی بەشداریکردنی لە پێشبڕکێی وەرگرتن هەبێت، مەرجە لە تاقیکردنەوەی توانستی زانستی دەربچێت و بەلایەنی کەم 15 نمرە لە 30 نمرەی تەرخانکراو بۆ تاقیکردنەوە بەدەستبهێنێت.
سەبارەت بە پرسیار و هەڵەچنینی پەڕاوی تاقیکردنەوەی توانستیی زانستی، بەشێوەیەکی ستاندارد و ناوەندی لیژنەیەکی پسپۆڕ بەپێی پسپۆڕی بەشەکان دادەنرێت.
بەگوێرەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەگەر مامۆستا پەیوەندی خزمایەتی تاوەکو پلە چواری لەگەڵ خوازیاری هەمان پسپۆڕی خۆی هەبوو، نابێت مامۆستاکە بەشداری بکات لە پڕۆسەی دانانی پرسیار و هەڵەچنینی پەڕاوی تاقیکردنەوەی توانستیی زانستی ئەو پسپۆڕییە، "ئەمەش لەپێناو پیشەیی و شەفافیەت لە ئەنجامدانی کاروبارە زانستییەکان."
بۆ مەبەستی دەرئەنجامی تاقیکردنەوەی توانستی زانستی مامەڵە لەگەڵ پۆینت ناکرێت، بەڵکو مامەڵە لەگەڵ نمرەی بەدەستهاتوو دەکرێت.
بۆ خوێندنەوەی دەقى رێنوێنییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا کلیک بکە