مانگرتن بەهۆی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە بەشێکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد


رووداو دیجیتاڵ

لە ژمارەیەک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، دووکان و بازاڕ داخراون و کەشی ئەمنی زاڵە.
 
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان، دووکان و بازاڕی شارەکانی سەقز، سنە، مهاباد، شنۆ، نەغەدە، پیرانشار، دیواندەرە، بۆکان، مەریوان و بەشێک لە دووکان و بازاڕی شارەکانی کامێران و سەردەشتیش داخراون.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتوون، لە هەندێ لەو شارانەی دووکان و بازاڕ داخراون کەشی ئەمنی زاڵ بووە و گوشار بۆ دووکانداران هێنراوە، دووکانەکانیان بکەنەوە.
 
لە رۆژانی رابردوودا چالاکڤانانی سیاسی و مەدەنی و حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان داوایان لە خەڵک کردبوو، بۆ ناڕەزایی دەربڕین دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، دووکان و بازاڕ دابخەن.
 
دوێنێش لە شەقامی شەشەمی بەهمەنی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکانی ئێران دروستبوو و تەقە بەسەر خۆپێشاندەرانی سەرکۆنەکردنی ژینا ئەمینی کرا.
 
ژینا ئەمینی ئێوارەی رۆژی سێشەممە 13-09-2022 لە وێستگەی حەقانیی میترۆی تاران لە لایەن پۆلیسی تارانەوە بە تۆمەتی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی دەستبەسەرکرا و دواتر بۆ گرتووخانەی پۆلیس لە شەقامی وەزیرانی تاران گوێزرایەوە. ئەو کەسانەی لەگەڵ ژینا دەستبەسەرکرابوون بە میدیاکانیان راگەیاندووە، لە کاتی گواستنەوەی بۆ گرتووخانە، هێزەکانی پۆلیس لە ژینایان داوە و لە گرتووخانە دۆخی تەندروستی تێکچووە و بەو هۆیەوە جەڵتەی دڵ و مێشک لێی داوە و  دوای سێ رۆژ گیانی لەدەستداوە.