نێچیرڤان بارزانی و جۆ بایدن لە لەندەن چاویان بە یەکدی کەوت

 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، نێچیرڤان بارزانی هاوشانی سەرکردەکانی جیهان بۆ رێوڕەسمی ماڵئاوایی شاژنی بەریتانیا بانگهێشت کراوە و دەڵێت، "ئەو بانگهێشتکردنە نیشانەی بەهێزیی پەیوەندیی بەریتانیا و کوردستانە" و لەمیانی رێوڕەسمەکەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەرفەتی ئەوەی هەبووە دیدار و گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆکانی ئەمریکا، فەرەنسا، پادشای ئوردن و ژمارەیەک سەرکردەی دیکەی جیهان و ناوچەکە هەبێت.

رۆژی دووشەممە 19-09-2022 فەلاح مستەفا، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی دیدار و کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان قسەی بۆ ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداو بۆ بەریتانیا کرد.

سەبارەت بە بانگهێشتکردنی تایبەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ رێوڕەسمی ماڵئاوایی شاژنی بەریتانیا لەڕووی سیاسییەوە چ مانایەک دەگەیێنێت، فەلاح مستەفا گوتی، "بۆ رێوڕەسمەکە سەرکردەی وڵاتانی جیهان بانگهێشت کرابوون، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەنێو ئەو کەسایەتی و سەرکردە و رێبەرە جیهانیانەدا بوو کە بانگهێشت کرابوون، ئەمەش مانای پتەویی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا دەگەیێنێت."

بە گوتەی ئەو راوێژکارە باڵایەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە میانی رێوڕەسمەکەدا نێچیرڤان بارزانی ئەو دەرفەتەی بۆ رەخساوە لەگەڵ "خاوەن شکۆ شا چارڵسی سێیەم و خێزانی شاهانە و بەرپرسانی بەریتانیا و سەرکردەکانی جیهان گفتوگۆی هەبێت، لەوانەش لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، سەرۆکی فەرەنسا، خاوەن شکۆ پادشای ئوردن، خاوەن شکۆ ئیمپراتۆری یابان و زۆر لە سەرکردە و پادشا و جێنشینی وڵاتانی کەنداو هەروەها ئەوروپا."

راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا پێگەی خۆی سەلماندووە. جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش لە چوارچێوەی شاندی عێراق بەشدار بووە. پەیوەندیی تایبەتی جەنابیشیان لەگەڵ سەرکردە جیهانییەکان وایکرد لەمیانی ئەو دوو رۆژە گفتوگۆی لەگەڵ ژمارەیەکی بەرچاو لە سەرکردە جیهانییەکان هەبێت."