سوپاسالاری پێشمەرگە: دوو لیوا هاوبەشەکە سەر بە فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەبن

 
رووداو دیجیتاڵ

سوپاسالاری هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەڵێت، ئەو دوو لیوا هاوبەشەی لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق پێکدەهێندرێن، مووچەکانیان سەر بە وەزارەتی بەرگریی عێراق دەبێت.
 
فەریق جەمال ئیمنیکی، سوپاسالاری هێزی ‌پێشمەرگەی کوردستان رۆژی یەکشەممە 19-09-2021 بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند، لیوایەک لە وەزارەتی پێشمەرگە لە هێزەکانی یەکەی 70 و 80 پێکدەهێندرێت و لیوایەکی دیکە لە سوپای عێراق پێکدەهێندرێت؛ هەردوو لیواکە سەر بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەبن.
 
سوپاسالاری هێزی ‌پێشمەرگەی کوردستان گوتیشی، ئەو دوو لیوایە لە هەموو روویەکەوە، لەوانەش لە بواری دابینکردنی مووچەوە، سەر بە وەزارەتی بەرگریی عێراق دەبن.
 
ئەوەی کە پەیوەندی بە پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەرانی سەر بەو دوو لیوایەوە هەیە، ئیمنیکی لەبارەیەوە دەڵێت، ئەو بابەتە پەیوەندیی بە وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە هەیە.
 
سوپاسالاری هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەبارەی جێگیرکردنی دوو لیوا هاوبەشەکە ئەوەی خستەڕوو، "لەلایەن وەزارەتەکانی پێشمەرگە و بەرگریی عێراقەوه دوو لیژنە پێکهێندراون بۆ دیاریکردنی شوێنی لیواکان، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لەو شوێنانە جێگیربکرێن کە بۆشایی ئەمنییان تێدایە لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق".
 
رۆژی پێنجشەممە 12-08-2021 شاندێکی باڵای وەزارەتی بەرگریی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەگەڵ شاندی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە کۆبوونەوە.
 
دوای کۆبوونەوەکە، سوپاسالاری پێشمەرگە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، باسیان لە ناوەندە هاوبەشەکانی هاوئاهەنگی لە رۆژئاوای نەینەوا، مەخموور، کەرکووک و خانەقین، هەروەها ناوەندی هاوبەشی هەولێر و بەغدا کردووە و جەخت لە زیادکردنی هاوئاهەنگیی نێوانیان بۆ کاروباری رۆژانە کراوەتەوە.