بێگەرد تاڵەبانی: ئەو ئاردەی دەهێندرێتە بازاڕەکان ماددەی کوشندەی تێکراوە
رووداو دیجیتاڵ
لە سلێمانی کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ئارد کرایەوە کە رۆژانە 500 تۆن ئاردی خۆماڵی دەخاتە بازاڕەوە. كارگەکە دەکەوێتە سنووری بازیان و لە چوارچێوەی پرۆژەی نیشتمانی بۆ بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیاراندایە. جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئامادەی کردنەوەی کارگەکە بوو و پرۆژەکەی بە "گرنگ" ناوبرد.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لە ماوەی دوو ساڵدا مۆڵەتی وەبەرهێنان بە 860 پرۆژە دراوە کە 48 هەزار هەلی کار دەڕەخسێنن؛ ئەم پرۆژەیە پێنج هەزار هەلی کار دەڕەخسێنێت، هەروەها پڕۆژەی سلێمانی 2020 یەکێکی دیکەیە لەو پرۆژانە و هەلی کار بۆ زیاتر لە پێنج هەزار کەس دەڕەخسێنێت، پرۆژەی کارگەی شەکری بتوێن نزیکەی هەشت هەزار هەلی کار دەڕەخسێنێت، واتە تەنها لە سێ پرۆژەیاندا کە دەکەونە سنووری سلێمانییەوە نزیکەی 18 هەزار هەلی کار دەڕەخسێندرێن".
بەهۆی گۆڕانکاریی نرخی دراو و کێشەی هاوردەکردنیەوە، ئەمساڵ چەندجارێک نرخی ئارد بەرزبووەوە و ئەوەش کێشەی بۆ خاوەن نانەواخانەکان دروستکرد.
فاخر شێخ تەیب، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان پرۆژەکەی بە پێویست بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و پاراستنی ناوبرد و گوتی، "وەکو چۆن لە قۆناخی یەکەمدا بە کڕینی گەنم و بنەتۆ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان جووتیاران سوودمەندبوون، جووتیاران لە دوودڵی و دواکەوتنی پارەکانیان لە بەغدا رزگاریان بوو، بە هەمان شێوە لە قۆناخی دووەمیشدا هاووڵاتییان سوودمەندی راستەوخۆ دەبن بە دابەزاندنی نرخی ئارد، لە داهاتووشدا دوای پڕکردنەوەی پێداویستیی بازاڕی ناوخۆ، دەتوانین لەبری ئەوەی ساڵانە بە ملیۆنان دۆلار ئارد لە وڵاتانەوە هاوردە بکرێت، ئارد و بەروبوومەکانی ناوخۆ هەناردە بکرێن".
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە پێویستی دەزانێت کارگەی زیاتر بکرێنەوە و بەرهەمەکان لە نێوخۆدا ئامادە بکرێن و بەکاربهێندرێن، دەشڵێت، "لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکهێندراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە جۆری ئەو ئاردەی دەهێندرێتە ناو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان کە راپۆرتە پزیشکییەکان دەریانخستووە ماددەی کوشندەیان تێکراوە لەپێناو ئەوەی ئاردەکە سپی بکرێتەوە و کۆمەڵێک ماددەی کیمیاویی تێکەڵکراوە کە راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر تەندروستیی خەڵکی کوردستان هەیە".
بڕیارە رۆژی دووشەممە هەمان جۆر پرۆژە لە پارێزگای دهۆک بکرێتەوە کە لە چواچێوەی پاراستنی ئاسایشی خۆراک و بەکارهێنانی ئەو گەنمەیە کە لەلایەن جووتیارانی هەرێمی کوردستانەوە بەرهەمدەهێنرێت.