لە عەفرین منداڵێک بە گوللـەی چەکداران دەکوژرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە عەفرینی رۆژئاوای کورستان منداڵێك بە گوللـەی گرووپە چەکدارەکان کوژرا.
سەرچاوەیەکی تایبەت لەنێو شاری عەفرینەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاژێر 11:00ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەنێو شاری عەفریندا چەکدارانی سەر بە 'سوپای نیشتمانیی سووریا' لەسەر شەقامی ڤێلات تەقەیان لە ماتۆڕسکیلێک کرد کە باوکێک و منداڵەکەی لەسەر بوو، لە ئەنجامدا منداڵەکە گوللـەیەکی بەرکەوت و لە باوەشی باوکیدا گیانی لەدەستدا."
سەرچاوە تایبەتەکەی رووداو رایگەیاند، چەکدارەکان بە بیانووی ئەوەی نەوەستاون تەقەیان لە ماتۆڕسکیلی هاونیشتمانییەکە کردووە.
لە ئەنجامی ئەو تەقەیەدا شوفێری ماتۆڕسکیلەکە بریندار بووە و منداڵەکەشی بە ناوی "یوسف عوسمان" تەمەن یەک ساڵان گیانی لەدەستداوە.
تاوەکو ئێستا لەسەر ئەو رووداوە هیچ لێدوانێک نەدراوە، بەڵام گرتەی ڤیدیۆیی گوللـەبارانکردنی ئەو ماتۆڕسکیلە گەیشتووەتە رووداو، لە دیمەنەکەدا دەردەکەوێت چەکدارێک لەسەر شەقامی ڤێلات تەقە دەکات.