کۆسرەت رەسول: دژی پارێزگاری کەرکووک حیساب بۆ بڕیارەکانی بەغدا ناکەین
رووداو - کەرکووک
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێ کەرکووک شاری برایەتی و پێکەوەژیانە، پێویستە هێز و لایەنە سیاسییەکان یەکێتی ریزەکانی گەلەکەمان پتەوبکەین و کوردستانییەتی کەرکووک بسەلمێنین. سەبارەت بە بڕیارەکانی بەغداش لەدژی پارێزگاری کەرکووک دەڵێ "هیچ حیسابێک بۆ ئەو بڕیارانە ناکەین و، پێمانوایە ئەمانە بڕیاری سیاسین نەک یاسایی".
بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری هاونیشتمانییان، ئەمڕۆ (سێشەممە، 19-9-2017) کەرنەڤاڵی پاڵپشتی لە گشتپرسیی سەربەخۆیی کوردستان لە کەرکووک بەڕێوەچوو، کۆسرەت رەسول عەلی، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە دەستپێکی کەرنەڤاڵەکە لەسەر قەڵای کەرکووک گوتارێکی پێشکەشکرد.
کۆسرەت رەسول لە گوتارەکەیدا رایگەیاند "قارەمانیێتی و فیداکاری خەڵکی کەرکووک و هێزەکانی پێشمەرگە، بووە پارێزەری پێکەوەژیانی کورد، عەرەب، تورکمان و کلد و ئاشوور لە کەرکووک بەبێ جیاوازی، پێکهاتەکانی کەرکووک هەردەم لەلایەن پێشمەرگەوە پارێزراوبوونە و دەپارێزرێن".
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای لە هاونیشتمانییانی کەرکووک کرد "هەموومان یەکێتی ریزەکانی گەلەکەمان پتەو بکەین، کوردستانییەتی کەرکووک بسەلمێنین، پێویستیشە مامەڵەیەکی دیموکراتییانە لەگەڵ پێکهاتە جیاوازەکانی کەرکووک بکەین".
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بڕیاری گشتپرسیی کوردستانی بۆ کەمتەرخەمی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی بەغدا گەڕاندەوە، ئاماژەی بەوەدا؛ تاوەکو ئێستا حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی بەغدا داواکارییەکانی خەڵکی کوردستانیان جێبەجێ نەکردووە، بۆیە کورد بڕیاری ئەنجامدانی گشتپرسی لە باشووی کوردستان دا، تاوەکو خەڵکی کوردستان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، بۆیەش داواتان لێدەکەین سەرجەمتان بەشداری لەو گشتپرسییەدا بکەن".
سەبارەت بە ئەنجامدانی گشتپرسی و ئەو بەدیلانەی بۆ ئەنجامنەدانی گشتپرسی بە کورد دراون، کۆسرەت رەسول دەڵێ "ئەگەر بەدیلیان هەبێت و ئەو بەدیلەمان قبووڵ بێت، پێویستە لەژێر چاودێریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێت، نەک تەنها لایەنی نێوخۆی و عێراق".
لە گوتارەکەیدا کۆسرەت رەسول هەروەها ئیدانەی بڕیارەکانی بەغدای دژی پارێزگاری کەرکووک کرد و، گوتی "ئیدانەی ئەو بڕیارانەی بەغدا دەکەین، کە دژی پارێزگاری کەرکووک دەرچوون، ئێمە هیچ حیسابێک بۆ ئەو بڕیارانە ناکەین و پێمانوایە ئەمانە بڕیاری سیاسین نەک یاسایی".
بەهۆی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک و بڕیاری ئەنجامدانی گشتپرسی لەو پارێزگایە، پەرلەمانی عێراق بڕیاری سەندنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووکی لە نەجمەدین کەریم دەرکردووە، نەجمەدین کەریم دەڵێ شانازی بەو بڕیارەوە دەکات، سەرکردایەتی کوردیش دەڵێ ئەو بڕیارە هی پەرلەمانی عێراق نییە، دەبێت ئەنجوومەنی پارێزگا بڕیارێکی هاوشێوە دەربکات، ئەوەش لەکاتێکدا پارێزگار خراپ پۆستەکەی بەکارهێنا، بۆیە بەهیچ شێوەیەک دان بەو بڕیارەدا نانێن.
داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار