ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک هەوڵ دەدات پەیڕەوی ناوخۆی هەمواربکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک پەیڕەوى ناوخۆى هەموار دەکاتەوە، کە 19 ساڵ لەمەوبەر نووسراوە. بە گوتەى ئەندامێکى فراکسیۆنى یەکێتى، دەیانەوێت ئەو ئەندامانەش لە نووسینەوەى بەشداربن کە رایانگەیاندووە، بایکۆتى کۆبوونەوەکان دەکەن.
پەروین فاتیح، ئەندامى فراکسیۆنى یەکێتی لە ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "تیمێک لە ئەندامانى ئەنجوومەن و پسپۆڕانى یاسایی زانکۆى کەرکووک لە سەرجەم پێکهاتەکان پێک دەهێندرێت بۆ هەموارکردنەوەى پەیڕەوى ناوخۆى ئەنجوومەنى پارێزگا."
پەروین فاتیح گوتى، "ئەو پەیڕەوەی هەیە لە ساڵى 2005 نووسراوە و پێویستى بە گۆڕانکارییە. سەردەمەکە بەراورد بەو کاتە گۆڕاوە."
یەکەم هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە ساڵی 2005 کرا و لەو کاتەوە کار بەو پەیڕەوە دەکرێت.
هەنگاوەکان بۆ هەموارکردنى پەیڕەوى ناوخۆی ئەنجوومەنى پارێزگای کەرکووک لەکاتێکدایە، 7 ئەندامى ئەنجوومەن لە فراکسیۆنەکانى بەرەى تورکمانى یەکگرتوو، پارتى دیموکراتی کوردستان، هاوپەیمانیى عەرەبی رایانگەیاندووە کە بەشدارى کۆبوونەوەکان ناکەن، ئەوەش وەک ناڕەزایەتییەک دژى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی بێ بەشداری ئەوان.
ئەندامەکەى یەکێتى لە ئەنجوومەنى پارێزگای کەرکووک گوتی، دەیانەوێت لایەنەکانى دیکەش لە هەموارکردنەوەى پەیڕەوى ناوخۆ بەشداربن و چاوەڕێیان دەکەن تاوەکو هەموو لایەنەکان لەسەرى هاوڕا بن.
18ى ئاب محەممەد حافز، سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک نووسراوى فەرمى ئاراستەى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق کرد بۆ ئەوەى جێگرەوەى رێبوار تەها دیاری بکەن. عەبدوڵا میروەیس لە فراکسیۆنی یەکێتی جێگەى رێبوار تەها دەگرێتەوە و دەبێتە ئەندامی ئەنجوومەن.
پەروین فاتیح گوتى، "بێ پڕکردنەوەى شوێنى رێبوار تەها لە ئەنجوومەن ناتوانین کۆبوونەوە بکەین."
کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا پێویستى بە 9 ئەندامە. ئێستا یەکێتى و لایەنەکانى دیکەی پاڵپشتیکاری 8 ئەندامیان هەیە، دواى ئەوەى رێبوار تەها وەک پارێزگار دەستبەکار بوو.