کۆنسووڵخانەی بەریتانیا: بەربژێرە ژنەکان بۆ پەرلەمانی کوردستان لە سۆشیاڵ میدیا هەراسان دەکرێن

20-08-2024
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆنسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر وۆرکشۆپێکی لەبارەی رۆڵ و پاراستنی ژنان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان سازکرد. کۆنسووڵی وڵاتەکە جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت بەربژێرە ژنەکان لە هەراسانکردن پارێزراو بن. 
 
رۆژی دووشەممە، 19ـی ئابی 2024، وۆرکشۆپەکە بە بەشداریی سیاسەتڤانان، بەرپرسان، میدیاکاران، رێکخراوەکانی بواری سڤیل و پسپۆڕە نێودەوڵەتییەکان لە هەولێر بەڕێوەچوو. 
 
ئەندرو بیزلی، کۆنسووڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر لەبارەی وۆرکشۆپەکەوە رایگەیاند: "بەریتانیا شانازی دەکات بەوەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق پاڵپشتی لە بەشداریی ژنان لە پرۆسەی سیاسیدا بکات و هیوا دەخوازین هاوئاهەنگیمان لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای ژنان و گەشەپێدان بەردەوام بێت بۆ ئەوەی ژنان لە هەراسانکردن پارێزراو بن."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی کۆنسووڵخانەی بەریتانیاش لە هەولێر، ئامانج لە وۆرکشۆپەکە "بەرەوپێشبردنی هاوئاهەنگیی زیاترە لە بەهێزکردنی رۆڵی سیاسیی ژنان و دابینکردنی ئامڕاز و ستراتیژیی کردەیی بۆ فەراهەمکردنی بواری دیجیتاڵی بۆ ژنان و بەرەنگاربوونەوەی هەراسانکردنی ئۆنڵاین [لە دژی ژنان]." 
 
بڕیارە 20ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت. 
 
کۆنسووڵخانەکە دەڵێت، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان خۆی بۆ ئەو رووداوە گرنگە ئامادە دەکات، "دەستپێشخەرییەکی نوێ بۆ چارەسەرکردن و لابردنی ئەو لەمپەرانە دەسپێکراوە کە رووبەڕووی بەربژێرە ژنەکان دەبنەوە، ئەو ژنانەی بەردەوام رووبەڕووی لەکەدارکردن و هەراسانکردن دەبنەوە." 
 
کۆنسووڵخانەکە باس لەوە دەکات، پیاوان زۆربەی ئەو رۆڵانەیان بەدەستەوەیە کە سەرکردایەتی دەکەن و دەشڵێت، وێڕای جێبەجێکردنی رێژەی 30٪ـی کورسیی کۆتای ژنان، بەربژێرە ژنەکان زۆرجار لە گەشتە سیاسییەکەیاندا، رووبەڕووی بەربەستی تووند دەبنەوە. ئەو بەربەستانەش "هێرشکردنە سەر توانا و شێوازی دەرکەوتنیان خۆی دەبینێتەوە. زۆربەی ئەمەش لەرێگەی پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیاوە ئاسانکاری بۆ دەکرێت کە تێیدا هەژمارە سێبەرەکان بەشێوەیەکی بڵاو بۆ هەراسانکردن بەکاردەهێندرێن." 
 
کۆنسووڵخانەی بەریتانیا رەخنەی ئەوە دەگرێت کە "وەڵامدانەوەی ئەم خراپ بەکارهێنانە بەپێی پێویست نەبووە، ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی بەرچاوی متمانەی بەربژێرە ژنەکان. بەشێکی زۆریان هەست دەکەن ناتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر نوێنەرایەتیی کۆمەڵگاکانیان و حیزبەکانیان بکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی کاریگەری لە پرۆسەکانی بڕیاردان." 
 
وەکو لە راگەیێندراوی کۆنسووڵخانەی بەریتانیا دا هاتووە: "بە لەبەرچاوگرتنی ئەم بەربەستانە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی نوێی تایبەت بە پاڵپشتیکردن و پاراستنی بەربژێرە ژنەکان لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا دامەزراندووە. ئەم لیژنەیە بە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی باڵای ژنان و گەشەپێدان کە تاکە قەوارەی حکومییە و تیشکی خستووەتە سەر مافەکانی ژنان لە هەرێم، ئامانجی دروستکردنی کەشێکی سەلامەتتر و پاڵپشتیی کردنی زیاترە بۆ ژنان لە سیاسەتدا."
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لەو چوار ساڵەدا زۆرترین کەس لە ساڵی 2021 خنکاون. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە.

بەرگریی شارستانیی هەولێر: لە چوار ساڵدا 116 کەس لە ئاودا خنکاون

بەگوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی هەولێر، لە چوار ساڵی رابردوودا 224 کەس لە رووداوی جیادا گیانیان لەدەستداوە کە 116یان لە ئاودا خنکاون. لە هەمان ئەو ماوەیەدا بەهۆی رووداوی جیاوە هەزار و 218 ئۆتۆمبێل سووتاون.