ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا: دەوام دەکەین بەڵام بەشداری کۆبوونەکان ناکەین

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایدەگەیێنێت، چاوەڕێ دەکەن هەوڵەکانی پارێزگاری نەینەوا بۆ کۆکردنەوەی هەردوو لایەنە ناکۆکەکەی ئەنجوومەنی پارێزگا سەربگرێت. دەشڵێت، دەوام دەکەن، بەڵام بەشداری کۆبوونەکانی ئەنجوومەن ناکەن.
 
شێخ ئەحمەد عەبد رەبە، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو، ئەمڕۆ دووشەممە 19-08-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تائێستا هەوڵەکانی عەبدولقادر دەخیل، پارێزگای نەینەوا بەردەوامە، بۆ ئەوەی هەردوو لایەنە ناکۆکەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کۆبکاتەوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان.  
 
بێ بەشداریی فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو، رۆژی 02-07-2024 ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گۆڕانکاری لە ژمارەیەک پۆستی کارگێڕی کرد.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەسەر دوو بەرەدا دابەشبووە. بەرەی یەکەم بریتییە لە فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو کە لە زۆربەی سوننەکان و پارتی پێکهاتووە و دوای گۆڕانکارییەکان دانیشتنەکانی ئەنجوومەنیان هەڵپەسارد.
 
بەرەی دووەم بریتییە لە فراکسیۆنی نەینەوای داهاتوو کە 16 کورسی هەیە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بەشێکە لێی.
 
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو دەڵێت: "چاوەڕێ دەکەین هەوڵەکانی پارێزگای نەینەوا سەربگرێت، هەردوولا لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆببنەوە و ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن".
 
تاوەکو ئێستا فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو، بایکۆتی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوایان کردووە، داوای هەڵوەشانەوەی بڕیاری دوورخستنەوەی و دامەزراندنی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان دەکەن.
 
شێخ ئەحمەد عەبد رەبە، کە هاوکات سەرۆکی لیژنەی وزەیە لە ئەنجوومەنەکە دەڵێت، لە کاتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەن تەنیا ئامادەبوونیان دەنووسن، دواتر دەچنە دەرەوە؛ بەڵام وەک دەوام رۆژانە لە ئەنجوومەن کاردەکەن، بۆ بەدواداچوون کاروبارەکان و راییکردنی کاری خەڵک. 
 
عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا، رۆژی 04-08-2024 سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە رووداوی گوت: "هەوڵ هەیە بەم نزیکانە لایەنەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆببنەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".
 
پارێزگاری نەینەوا گوتی: "لێکتێگەیشتن لە هەموو ئاستەکان هەیە بۆ ئەوەی لە 10 رۆژی داهاتوودا لایەنەکان کۆببنەوە و گفتوگۆکانیش بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".