رووداو دیجیتاڵ
حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان داوا لەو کەسانە دەکات، کە بەنیازی عومرەن، لە رێگەی ئەو کۆمپانیایانەوە گەشتی عومرە بکەن کە لەلایەن ئەوانەوە مۆڵەتیان پێدراوە.
بەرپرسێکی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی گەشتوگوزار و حەج و عومرە دەڵێت: "تاوەکو ئێستا مۆڵەت بە 100 کۆمپانیا دراوە، رێکارەکەش بۆ ئەوەیە هاووڵاتیان فێڵیان لێنەکرێت".
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ناوی 97 کۆمپانیای تایبەت بە گەشتی عومرەی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "لەپێناو بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتیان و عومره‌كارانی هه‌رێمی كوردستان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ناوی کۆمپانیاکانی عومرە بڵاودەکاتەوە، ئەوانەی ئەم ساڵ گرێبەستیان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەدا کردووە و هیچ کێشەیەکیان نییە".
بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکە داوا لە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەکات هەر کۆمپانیایەک ناوی لەو لیستەدا نەبێت "بە هیچ شێوەیەک گەشتی عومرەی لەگەڵیان نەکەن".
حاجی رێبوار ئازاد، بەڕێوەبەری گشتی کارگێڕی لە کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی گەشتوگوزار و حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای 97 کۆمپانیاکە، ئەمڕۆ مۆڵەت بە سێ کۆمپانیای دیکەش درا و ژمارەیان بۆ 100 کۆمپانیا زیادیکرد، ئەوانە گەرەنتی و دڵنیاییان هەیە و خەڵک بۆ ئەوەی پارەی نەفەوتێت دەتوانێت یەکێک لەو کۆمپانیایانە هەڵبژێرێت".
رۆژی 11ـی ئەم مانگە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند، ئەم ساڵ به‌هۆی سه‌رپێچیی رێنماییهكانەوە، تاوه‌كو ئێستا زیاتر له 90 كۆمپانیا له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی حه‌ج و عومرەوە راگیراون و مۆڵه‌تیان پێنه‌دراوه گه‌شتی عومره بكه‌ن، تاوه‌كو كێشه‌كانیان یه‌كلایی ده‌بێته‌وه.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ