لە گەرمیان کرێکارێک گیانی لەدەستدا؛ کەسوکاری دەڵێن تەزووی کارەبا هۆکار بووە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەگوتەی کەسوکارەکەی، کرێکارێک لەنێو باخێکی نزیک پیشەسازیی کەلار لە کاتی بیرهەڵکەندن دا بە تەزووی کارەبا گیانی لەدەستداوە.
 
پۆلیسی گەرمیان دەڵێت، رووداوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە روویداوە.
 
عەقید جەمال قدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، هاونیشتمانییەکە ناوی کەریم مەحموود رەسوڵە و لەدایکبووی 1966ـە، دانیشتووی ناحیەی رزگاری سەر بە قەزای کەلارە.
 
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان دەڵێت، "بە گوتەی کەسوکاری، ناوبراو لەنێو باخێک لە نزیک ناوچەی پیشەسازیی کەلار بیری کەندووە و لەنێو بیرەکە کارەبا گرتوویەتی و گیانی لەدەستداوە".
 
هەروەها باس لەوە دەکات، لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 411 خاوەنی باخەکە بەندکراوە و پۆلیس لەسەر چۆنێتی رووداوەکە دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە.