وەزارەتی دارایی: شاندەکەی چاودێریی دارایی عێراق بۆ وردبینیی خەرجی و داهاتی سێ مانگ هاتوون

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شاندی چاودێریی دارایی عێراق کە لە هەرێمی کوردستانن بۆ وردبینی لە خەرجی و داهاتی سێ مانگی دووەمی ئەم ساڵ هاتوون.
 
وەزیری دارایی دەڵێت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە دوو ساڵی رابردوودا هاوئاهەنگی باشیان لەگەڵ تیمەکانی چاودێریی دارایی کردووە.
 
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رۆژی دووشەممە، 19ـی ئابی 2024، پێشوازی لە شاندێکی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد. بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دارایی: "گفتوگۆ لەسەر کاری تیمە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێمی کوردستان کرا و وەزیری دارایی پشتیوانی و هەماهەنگی وەزارەتی بۆ سەرخستنی کارەکانیان دووپاتکردەوە".
 
وەزیری دارایی لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە: "لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا هاوئاهەنگی و پەیوەندی بەردەواممان لەگەڵ تیمە هاوبەشەکانی چاودێری دارایی هەبووە، لەپێناو چارەسەرکردنی کێشە و گرفتە هونەری و تەکنیکییەکانی تایبەت بە خەرجی و داهات و لیستی مووچە و میلاکات، بەردەوام دەرگەی وەزارەت و بەڕێوبەرایەتییەکانمان بە روویاندا کراوەبووە".
 
شاندەکە ئامانجی سەردانەکەیان بۆ وەزیری دارایی روونکردووەتەوە کە بەپێی راگەیێندراوەکە بریتییە لە وردبینی لە خەرجی و داهاتی سێ مانگی دووەمی ساڵی 2024 (مانگەکانی نیسان، ئایار و حوزەیران) ئەوەش لەسەر بنەمای یاسای بودجەی گشتی عێراق کە پێویستە هەر سێ مانگ جارێک تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی وردبینی لە داهات و خەرجییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.
 
رۆژی چوارشەممە 14ـی ئەم مانگە چاودێریی دارایی عێراق لیژنەیەکی 15 کەسی بۆ وردبینی و لێکۆڵینەوە لە جێبەجێکردنی بڕگەی 2ـی مادەی 12ـی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023، 2024 و 2025 پێکهێنا، رۆژی پێنجشەممە، 15ـی ئاب بە نووسراوێک پێکهێنانی لێژنەکە و وردەکارییەکەی بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران نێردرا.