دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرکووک داوای برا و ئامۆزایەکی راکان جبووری دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
لەسەر سکاڵای بەرپرسی دەستەی وەبەرهێنانی کەرکووک، دادگەی لێکۆڵینەوەی شارەکە فەرمانی هێنانە پێش دادگەی بۆ برایەکی راکان جبووری، پارێزگاری پێشووی کەرکووک بەوەکالەت و ئامۆزایەکی دەرکرد، بەپێی بڕیارەکە ئەگەر لەماوەی سێ رۆژدا ئامادەی بەردەم دادگە نەبن فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەردەکرێت.
 
نووسینگەی لێکۆڵینەوەی دادیی یەک لە دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرکووک لە داواکارییەکدا کە بەناونیشانی "هێنانە پێش دادگەی"ـی بۆ بنکەی پۆلیسی عەدالەی لە شاری کەرکووک ناردووە، داوا دەکات هەریەک لە سەهمی سەعید، برای راکان جبووری و فەهمی عەبدوڵڵا محەممەد، کە ئامۆزایەتی لە ماوەی سێ رۆژدا لەبەردەم دادگەکە ئامادەبن.
 
دادگەکە ئەمڕۆ 19ـی ئاب، نووسراوەکەی و داواکردنەکەی بۆ هەردوو تۆمەتبار ناردووە، کە بەپێی ناوەڕۆکەکەی ئەو دوو کەسە تۆمەتبارن بە "ساختەکردنی بەڵگەنامەی فەرمی" و بەپێی حوکمەکانی مادەکانی 289 و 29998ـی یاسای سزادان داواکراون.

 

 
سکاڵاکە لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانی کەرکووک و نوێنەری یاسایی دەستەکەوە تۆمارکراوە. دلێر زێدان، سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنانى کەرکووک، بە رووداوی گوت: "سکاڵاکە لەلایەن ئێمەوە کراوە، چونکە پێشتر ئەوان پلانی پارەدارکردنیان بۆ هێناوین و بۆ ئەوەی پەسندبکرێت مۆری هاتوو (واریدە)ی فەرمانگەکەی ئێمەیان ساختەکردووە و رێکەوتی پێشووتریان لێداوە، ئێمەش بەو تۆمەتە سکاڵامان لێکردووە".
 
بەپێی بەڵگەنامەکان، دوای ئاگادارکردنەوەی هەردوو تۆمەتبار لە رۆژی 19ـی ئەم مانگەوە، دەبێت لە ماوەی سێ رۆژدا لەبەردەم دادگەکە بەرگری لە خۆیان بکەن و قسەکانیان بکەن، ئەگەر لە شوێن و کاتی دیاریکراو ئامادە نەبن، ئەوا فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەردەکرێت.
 
ئەو دوو مادەیەی ئاماژەیان بۆ کراوە، تایبەتن بە ساختەکردنی بەڵگەنامە فەرمییەکان. بەپێی مادەی 289ـی یاسای سزادانی عێراق، ئەگەر کەسێک بەڵگەنامەی فەرمی ساختە بکات بە ماوەیەک سزا دەدرێت لە 15 ساڵ زیاتر نەبێت.