کەسوکاری کۆڵبەرە کوژراوەکەی هەورامان رێگەیان نەدا پاسەوانی سنوور بەشداریی پرسەکەیان بکەن

رووداو دیجیتاڵ
 
لە سنووری نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزی پاسەوانی سنوور کوژرا. پاسەوانی سنوور هۆکارەکەی بۆ "بڕینی سنوور بەشێوەی نایاسایی" دەگەڕێنێتەوە. کەسوکاری کۆڵبەرەکە رەتیدەکەنەوە کاری نایاسایی کردبێ، رێگەشیان نەدا شاندێکی ئەو هێزە بەشداری پرسەکەی بکەن.
 
کۆڵبەرە کوژراوەکە ناوی ئارام خەلیلە؛ تەمەنی 26 ساڵە. خەڵکی گوندی سەرگەتە لە سنووری هەورامان. 
 
عەبدولمەلیک سەعید، پێشنوێژی گوندی سەرگەت، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی: "ئارام بە تەنیا نەبووە و لەناو مەرزەکە تەقەی لێنەکراوە و تێپەڕ بووە، کارەکەی یاسایی بوو. ئەو جگەرە و قوماشی لە سلێمانییەوە دەهێنایە خورماڵ و بە فیلتەری حکومەت تێدەپەڕی و باجیان لێوەردەگرت، لەوێوە کۆمەڵێک گەنج بە کۆڵ دەیانبردە رۆژهەڵاتی کوردستان".
 
ئارام خەلیل زیاتر لە 10 ساڵە کۆڵبەری دەکات، دایک و باوکی لە ژیان نەماون. بە کۆڵبەری، بژێوی خۆی، برایەک و دوو خوشکی دابین دەکرد. دوای رووداوەکە بەشێکی خەڵکی خورماڵ بەرەو بارەگاکەی پاسەوانی سنوور رۆیشتن. بەمەبەستی "‌هەڵوێست وەرگرتن".
 
پاسەوانی سنوور دەڵێت، لە ئەنجامی "هێرش"ـی خەڵکەکە کارمەندێکیان بریندار بوو. سامی ئیسماعیل، گوتەبێژی پاسەوانی سنوور، بە رووداوی گوت: "شەوی رابردوو دوای ئەوەی کۆڵبەرێک ویستی بە رێگەی نایاسایی سنوور ببڕێت، لەلایەن هێزەکانمانەوە تەقەی لێکرا و بەداخەوە شەهید بوو".
 
سامی ئیسماعیل گوتی: "دوای کوژرانی کۆڵبەرەکە، خەڵکی ناوچەکە وەکو کاردانەوەیەک هەڵیانکوتایە سەر بارەگایەکی هێزەکانمان لە سنووری هەورامان و سووتاندیان. بەهۆی هێرشەکەوە کارمەندێکمان بریندارە".
 
کەسوکاری کۆڵبەرە کوژراوەکە رەتیدەکەنەوە هێرشیان کردبێتە سەر بارەگاکەی پاسەوانی سنوور. عەبدولمەلیک سەعید، دەڵێت: "ئێمە نەبوومایە بارەگای پاسەوانی سنووریان دەسووتاند. هیچ گەنجێکمان چەکی نییە، ئەوانەی بۆ بارەگاکە بەڕێگەوەبوون تەنانەت داریشیان پێ نەبوو".
 
پۆلیس دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە. رووداو پەیوەندی کرد بە گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە، موقەدەم بارزان عوسمان، رەتیکردەوە جگە لە زانیارییەکانی کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی شەوی رابردوو هیچ زانیارییەکی دیکە بدات، کە گوتبووی: "رێکاری یاسایی بەرامبەر تەقەکار دەگیرێتەبەر".
 
12 رێکخراوی مەدەنیی خورماڵ، لە یاداشتنامەیەکیاندا رایانگەیاند: "ئەگەر بکوژ دەستگیرنەکرێ، هەڵوێستی دیکەی مەدەنیمان دەبێت".
 
بابا سەنعان، ئەندامی تۆڕی رێکخراوەکانی خورماڵ، لە بەرپرسیار، گوتی: "تەقەکردن لە کۆڵبەر خەریکە لە حاڵەتەوە دەبێتە دیاردە، دەمانەوێ ئەو دیاردەیە بنبڕ بکەین. ئەگەر ئەمە بەسەر خەڵکییەوە تێپەڕێ، رێگەی دیکەمان لەبەردەمە، وەک تۆمارکردنی سکاڵا یان خۆپێشاندان".
 
وەک ئەو ئەندامەی تۆڕی رێکخراوەکانی خورماڵ باسیدەکات، گفتوگۆ لەنێوان بەرپرسانی ئیداریی سنوورەکە و پاسەوانی سنوور هەیە بۆ رادەستکردنی تۆمەتباری رووداوەکە.
 
شاندێکی پاسەوانیی سنوور، بۆ بەشداریی لە پرسەی ئارام خەلیل چوونە خورماڵ، کەسوکاری کۆڵبەرە کوژراوەکە نەیانهێشت بچنە هۆڵی پرسەکە. پێشنوێژی گوندی سەرگەت لەمبارەوە گوتی: "کۆمەڵێک خەڵک پێیان باش نەبوو بێنە ژوورەوە، ئێمەش بەشێوەیەکی جوان کردماننە دەرەوە. پێم باش نەبوو بە جلی سەربازییەوە بێنە ژوورەوە، گوتمان با شتەکە گەورەتر نەبێ".
 
حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان، کە کەسایەتییەکی ناوچەی هەورامانە لە پۆستێکی فەیسبووک لەبارەی کوژرانی ئەو کۆڵبەرە نووسیویەتی: "ئەو ناهەقییە نابێ بەبێ سزای یاسایی تێپەڕێت. بکوژەکان هێشتا قەرزی پارساڵی سوڵحی کوشتنی کۆڵبەرێکی دیکەیان نەداوەتەوە".