نوێنەرێکی هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق: رێگرییەکانی بەردەم بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە نەماون

رووداو دیجیتاڵ
 
نوێنەرێکی هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەسەر داوای سەرۆککۆماری عێراق دوای چلەی کوژرانی ئیمامی حوسێن پڕۆژەیاسای پارێزگاکردنی هەڵەبجە دەخرێتە کارنامەی کۆبوونەوەیەکی پەرلەمان و پەسند دەکرێت، دەشڵێت: "رێگرییەکانی پێشوو نەماون و لایەنە شیعەکان دەنگی پێدەدەن".
 
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، لە نووسراوێکدا کە ئاڕاستەی موحسین مەندەلاوی، لەبری سەرۆکی پەرلەمانی کردووە، داوا دەکات پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بخرێتە کارنامەی کارەوە و پەسندبکرێت. 
 
لە نووسراوەکەدا کە رۆژی 13ـی ئەم مانگە نێردراوە، سەرۆککۆمار داوای کردووە پەرلەمانتاران دەنگ بۆ ئەو بابەتە بدەن.
 
چرۆ حەمەشەریف، نوێنەری پارێزگای هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێشتر رێگری بۆ بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە هەبوو، بەتایبەت لایەن و فراکسیۆنی شیعەکان لە بەرامبەر ئەو پرسە، مەرجیان ئەوە بوو چەند ناوچەیەک بکرێنە پارێزگا، بەڵام ئێستا ئەو مەرج و رێگرییانە نەماون".
 
سەبارەت بە کاتی پەسندکردنی پرۆژەیاساکە، ئەو پەرلەمانتارە گوتی، "دوای رێوڕەسمەکانی چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن لەگەڵ سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەبارەی ئەو بابەتەوە قسە دەکەین بۆ ئەوەی بابەتەکە بخرێتەوە کارنامەی کار و پەسندبکرێت، ئەگەر پێویستیش بکات، واژۆی ئەندامانی بۆ کۆدەکەینەوە".

 

 
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی باسی لەوەشکرد، لە ماوەکانی رابردوودا ئەوان وەکو یەکێتی لەگەڵ لایەنەکانی شیعە لە پەیوەندیدابوون و رێگرییەکانی بەردەم بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەیان هەڵگرتووە.
 
رۆژی 16ی ئاداری 1988، شاری هەڵەبجە لەلایەن دەسەڵاتی ئەو کاتی عێراقەوە کیمیاباران کرا و لە ئەنجامدا نزیکەی پێنج هەزار کەس شەهید بوون و زیاتر لە 10 هەزاری دیکە بریندار بوون.
 
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە زیاتر لە 135 هەزار کەسە، لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان.
 
پرۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 13-03-2023 پەسند کرا، بەڵام پەرلەمانی عێراق پەسندی نەکردووە. پرۆژەکە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە، تەنیا دەنگدانی ماوە؛ بەڵام بەهۆی ناکۆکیی نێوان فراکسیۆنە شیعە و سوونەکان پرسەکە دواخرا.
 
رۆژی 24ـی کانوونی دووەمی 2013، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان نێوەڕۆکی پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی بە نووسراوی ژمارە 12034 ئاراستەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق کرد، بەڵام ئەوکاتیش ناکۆکیی نێوان شیعەکان و سوننەکان بووە هۆکار بۆ ئەوەی هەڵەبجە نەبێتە پارێزگایەکی نوێ.
 
بڕیاربوو 14-09-2023 لە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بدرێت، بەڵام ناکۆکیی سیاسیی لایەنە عێراقییەکان بوون بە هۆکاری دواخستنی کۆبوونەوەکە و تاوەکو ئەمڕۆ دەنگی لەسەر نەدراوە.