حەمەی حەمەسەعید: کاری پاسەوانی سنوور پاراستنی خەڵکە نەک کوشتن

رووداو دیجیتاڵ
 
حەمەی حەمەسەعید دوای کوشتنی کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری هەورامان، رەخنە لە پاسەوانی سنوور دەگرێت و دەڵێت، کاری پاسەوانی سنوور پاراستنی خەڵکە، نەک کوشتنی خەڵک.
 
حەمەی حەمەسەعید، لەبارەی کوشتنی کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی ئارام خەليل، لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوور پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "بنەماڵە و کەسوکاری کاکە ئارامی جوانەمەرگ خزمانی ئاواییەکانی سەرگەت، دەرەی مەر، ھانەدن و بناری ھەورامان بەبۆنەی شەھیدکردنی لاوی تازەپێگەیشتوو خوالێخۆشبوو کاکە ئارامەوە سەرەخۆشیتان لێدەکەم، بەداخەوە ھێزەکانی پاسەوانی سنوور کاریان پاسەوانی و پاراستنی خەڵکە نەکوشتن و شەھیدکردنیان".
 
حەمەی حەمەسەعید، کە وەزیری رۆشنبیریی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، لە نووسینەکەیدا باسی رووداوی دیکەی کوشتن دەکات و دەڵێت: "پار ھەر لە ھەمان شوێن کەسێکیتریان کوشت، لەلایەن کۆمەڵایەتی ھەورامانەوە سوڵحیان بۆکرا، من و کاک جەمیل ھەورامی نیوەی زیاتری پارەی سوڵحەکەشمان لە یەکێتی نیشتمانی بۆ دان، ئەوەی بکوژەکان دایان قەرزیان بۆکرا ھێشتا قەرزەکەیان نەداوەتەوە".
 
باسی رووداوەکەی 18ـی ئەم مانگە و کوشتنی کۆڵبەرەکەش دەکات و دەڵێت: "ئەوەتا دوێنێ 18-8-2024، جارێکی دیکە دەستیان سوور بووەوە بە خوێنی رۆڵەیەکی ھەژاری ئێوە و ناوچەکە کە بۆ بژێوی مەمرە و مەژی کۆڵبەری دەکرد، دەستان خۆش ئەمجارە ھەڵوێستتان ھەبوو لە بەرامبەر خوێنی بەناحەق رژاوی ئەو گەنجە خێر لەخۆ نەدیوە، بێگومان بن ئەو ناحەقییە بەبێ سزای یاسایی تێناپەڕێت".
 
رۆژی 18ـی ئەم مانگە کۆڵبەرێکی تەمەن 26 ساڵان بەناوی ئارام خەلیل، بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە گوندی سەرگەتی هەورامان، لە سنووری هەڵەبجە کوژرا.
 
هاوڕێیەکی ئارام خەليل بە پەیامنێری رووداوی گوت: "رۆژانە کۆڵبەری دەکرد، ئەمشەو [شەوی 18-8-2024] نزیکی کاژێر 8ـی شەو، دوای دەرچوونی لە پاسەوانەکانی سنوور، دەستڕێژی گولـلەی لێکراوە و کوژراوە".
 
گوتیشی، ئارامیان بە برینداری گواستەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە، کە گوللەیەک بەر سنگی کەوتبوو، گیانی لەدەستدا. 
 
ئارام خەليل دایک و باوکی لە ژیان نەماون، خۆی رۆژانە بە کۆڵبەری برا و خوشکەکانی دەژیاند.