رێکخراو و چالاکڤانانی خورماڵ: خەریکە تەقەکردن لە کۆڵبەران دەبێتە دیاردە

رووداو دیجیتاڵ
 
ژمارەیەک لە رێکخراو و چالاکڤانانی خورماڵ داوای دادگاییکردنی ئەو کەسانە دەکەن کە تەقەیان لە کۆڵبەرەکەی ناوچەی هەورامان کردووە و دەڵێن، ''ئەگەر سزا نەدرێن، هەڵوێستی دیکەی مەدەنیمان دەبێت.''  
 
ئەمڕۆ دووشەممە 19-08-2024، رێکخراوەکانی خورماڵ و ژمارەیەک چالاکڤانی مەدەنیی ناوچەکە، لە راگەیێندراوێکدا ناڕەزایەتیی خۆیان سەبارەت بە کوژرانی گەنجێکی ناوچەی هەورامان دەربڕی کە لەلایەن پاسەوانی سنوورەوە لەکاتی کۆڵبەریدا تەقەی لێکراوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: ''بەداخەوە خەریکە تەقەکردن لە کۆڵبەران  دەبێتە دیاردە. پێویستە حکومەت، دەزگا ئەمنییەکان و بەڕێوەبەرابی ناوچەکە لێی بێدەنگ نەبن.''
 
ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، کۆڵبەرێکی تەمەن 26 ساڵان بە ناوی ئارام خەلیل، بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە گوندی سەرگەتی هەورامان لە سنووری هەڵەبجە کوژرا.
 
تۆڕی رێکخراوەکانی خورماڵ و چالاکڤانانی مەدەنی سەرکۆنەی رووداوەکە دەکەن و دەڵێن: "'ئەرکی هەموو حیزبە سیاسییەکان و بەڕێوەبەریی ناوچەکەیە کە بکەرانی ئەم تاوانە ئاشکرا بکەن و بە زووترین کات بیانناسێنن، هەروەها دژی هەر هەوڵێک بوەستنەوە کە بۆ پەردەپۆشکردن و شاردنەوەی تاوانەکە دەدرێت''.
 
رێکخراوەکان هەڕەشە دەکەن و دەڵێن: ''ئەگەر ئەوانەی بەرپرسن لە کوشتنی ئارام دادگایی و ئاشکرا نەکرێن، هەڵوێستی دیکەی مەدەنیمان دەبێت.''
 
پێشتر هاوڕێیەکی ئارام خەليل بە رووداوی گوتبوو: "ئارام رۆژانە کۆڵبەری دەکرد، ئەمشەو نزیکی کاژێر هەشتی شەو [یەکشەممە]، دوای دەرچوونی لە پاسەوانەکانی سنوور، دەستڕێژی گولـلەی لێکراوە و کوژراوە."
 
ئارام خەليل دایک و باوکی لە ژیان نەماون، بە کۆڵبەری برا و خوشکەکانی دەژیاند کە دوای برینداربوونی گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە، کە گولـلەیەک بەر سنگی کەوتبوو، گیانی لەدەستدا.