کەسوکاری یەکێک لە قوربانیانی رووداوە هاتووچۆکەی شنگال: رێگەکان کۆنن و نۆژەنکردنەوەیان پێویستە

رووداو دیجیتاڵ
 
کەسوکاری یەکێک لە قوربانیانی رووداوە هاتووچۆیەکەی رێگەی شنگال-تەلەعفەر دەڵێت، لە ئەنجامی ئەو رووداوە 5 کەس گیانیان لەدەستداوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، سەرجەمیان دانیشتووی شنگال بوون و بە سەردان چووبوونە دهۆک.
 
 ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە 18-08-2024، رووداوێکی هاتووچۆ لە رێگەی شنگال-تەلەعفەر لەنێوان ئۆتۆمبێلێکی تایبەت و بارهەڵگرێکدا روویدا و لە ئەنجامدا ژمارەیەک هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون کە سەرجەمیان کوردی ئێزدین.
 
جەمال دەخیل، کەسوکاری یەکێک لە گیانلەدەستدراوان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە دڵدار هەرکی پێشکێشی کرد رایگەیاند، ''بەداخەوە 5 کەس گیانیان لەدەستدا کە 3ـیان بە سەردان چووبوونە دهۆک و دووی دیکەیشیان سەرباز بوون و بۆ هەندێک کاروبار سەردانی دهۆکیان کردبوو و دەگەڕانەوە شنگال".
 
جەمال دەخیل کە لە رووداوەکەدا مامی گیانی لەدەستداوە گوتی، سەرجەم قوربانیان خەڵکی تەلعوزێر و خانەسۆری سەر بە قەزای شنگال بوون.
 
لەبارەی هۆکاری رووداوەکەوە جەمال دەخیل گوتی، ''رێگەکان لەو ناوچەیەدا کۆن و خراپن، زیاتر لە 50 ساڵە دروستکراون، بەڵام حکومەتیش [عێراق] لە نۆژەنکردنەوەیاندا کەمتەرخەمی دەکات''.
 
جەمال دەخیل ئەوەشی خستەڕوو کە لە رێگەی شنگال-تەلەعفەر هیچ پۆلیسێک بۆ کۆنترۆڵکردنی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکان نییە و ساڵانە ''دەیان'' رووداوی هاوشێوە روودەدەن.